ئەنقەرە
ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی ئابووریی سەتا کە بارەگای لە شاری ئەنقەرەیە، لە راپۆرتێکدا لەژێر ناوی (نەخشەی راپەرین لە عێراق و گروپە چەکدارییەکان) بێجگە لە داعش باس لە گروپە چەکدارە سوننەکانی دیکە و ئامانجەکانیان دەکا.
لە بەشێکی ئەو راپۆرتەدا باسی ئەوە کراوە کاریگەری شەڕی ناوخۆیی سوریا بۆتە ھۆی ئەوەی کە عێراق رۆژ لە دوای رۆژ بکەوێتە نێو شەڕێکی بەرفراوانی تایفیی و مەزهەبییەوە، ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ لە کەشوھەوایەکی ئارامدا کە تێیدا سوننەکانیش ھیور بوو بوونەوە بەڕێوە چوو، بەڵام سەرکەوتنی مالیکی لەو ھەڵبژاردنانەدا پێکھاتەکانی نزیک لە داعش لە ناوچەکانی فەلوجە، رومادی و چەندین ناوچەی سوننەنیشین خۆیان چەکدار کرد و دەستیان دایە ھێرشی چەکداریی.
راپەرینی سوننە کە رۆژی ١١ی حوەزیران بە شێوەیەکی بەفراوان دژایەتی خۆی لە بەرامبەر دەسەڵاتی مالیکی کە زۆرینەی شێعەیە بەرپابوو، بووە ھۆی داگیرکردنی دووەمین گەورە شاری عێراق (موسڵ) و بەشێکی زۆری دیکەی ناوچەکانی وەکو نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەلاحەدین کە زۆربەی دانیشتووانەکانیان عەرەبی سوننەن و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدا دەرهێنران.
جان ئاجون نووسەری ئەو راپۆرتە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شرۆڤە کردنی رووداو و پێشھاتەکانی عێراق تەنیا لە چوارچێوەی تیرۆر و داعشدا ھەڵەیە، چونکە پێویستە گروپە چەکدارەکانی دیکەی سوننە وەکو نەقشبەندی، ئەنسارولسونە، ئەنسارولئیسلام، سوپای ئیسلامی عێراق و چەکدارانی ھۆزەکان و ھێزەکانی شۆڕشی ١٩٢٠یش تێکەڵی ئەو ھەڵسەنگاندنە بکرێن، چونکە ئەوانیش لەو راپەرینەدا رۆلێکی یەکجار گرنگیان ھەیە. ھەر چەندە گروپە چەکدارەکانی دیکەی سوننە ئەوەندەی داعش لەڕووی فەرماندارێتی و شەڕکردنەوە شارەزا و لێھاتوو نەبن، بەڵام لە ناوچەکەدا فاکتەری زۆر گرنگ و کاریگەرن."
ئاجون بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "داعش و ھەموو گروپە چەکدارەکانی دیکە بۆ ئەوەی ھێزی خۆیان لە نێو ئەو بارودۆخەدا نیشان بدەن، ھەوڵ دەدەن بە تایبەت ئەنسارولئیسلام کە لە بەشێکی زۆری ناوچەکاندا ھەبوونی خۆی سەلماندووە، ئەنساروئیسلام لەسەر سنوورەکانی نزیک لە ھەرێمی کوردستان جێی خۆی کردۆتەوە و لە فیرقەی ١٢ و ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە، دەستکەوتی جەنگیی زۆری ماشیوەتەوە. تایبەتمەندی سەرەکی گروپی نەقشبەندی حەواننەوەی بەشێکی زۆری کۆنە بەعسییەکانە، بۆیە ئەو گروپە سوودی زۆر لە ئەزموونی سوپای پێشووی عێراق وەرگرتووە."
ئاجون درێژەی پێدا: "ئەو گروپە یەکێ لەو گروپانەیە کە ژمارەیەکی زۆر ئەندامی ھەیە و لە نێو خەڵکیشدا خاوەن پێگەیە، بەڵام لەڕووی دیسپلینی سەربازیی، بە قەد گروپەکانی دیکە پێشکەوتوو نییە. ئەو ھێزانە رکابەری ئەنسارولئیسلام دەکەن کە نزیکە لە داعش و قاعیدەوە، داعش حاڵی حازر لە عێراق دەوڵەتی ئیسلامی یا خەلافەتی راگەیاندووە و سەرۆکی داعش ئەبوبەکر بەغدادی وەکو خەلیفە ناسێنراوە، بەغدادی دەستی بە وەرگرتنی بەیعەتی گروپەکانی دیکە لەگەڵ خۆیدا کردووە بۆیە وردە وردە لە ھەندێ ناوچەدا شەڕ لە نێوان ئەو گروپانەدا روویداوە."
ئامانجی ھاوبەش ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی مالیکییە
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە: ھەر چەندە ناوەڕۆکی پەیوەندیی نێوان ئەو گروپە چەکدارە سوننانە لەگەڵ داعش نازانرێ، بەڵام جارجار پێکەوە و بە ھاوبەشی ھەڵسوکەوت دەکەن و حاڵی حازر داعش زۆر بە نەرم و نیانی لە بەرامبەر گروپەکانی دیکە ھەڵسوکەوت دەکا و بۆ دژایەتیکردنی شیعەکان.
ھێشتا نازانرێ ئەو ھاوکاریی و ھەماھەنگییە تا کەی بەردەوام دەبێ بەڵام داعش رێکخراوێکە کە دەیەوێ ھەموو کەس پەیڕەوی لێ بکا بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە داھاتوودا داعش داوای بەیعەت لە گروپەکانی دیکە بکا و ئەوانەیش بەیعەتیان نەدەنێ بەشەڕ بێن.
ئامانجێکی ھاوبەش هەیە ئەو گروپانە و داعش لەسەری کۆکن ئەویش دەیانەوێ دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن و حکومەتی مالیکی ھەڵبوەشێننەوە و بەغدا داگیر بکەن. بەڵام لە ناو خۆیاندا کۆک نین و دەیان گروپی چەکدارین.