ئیسلام ئاباد
بە ھۆی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت لە دژی چەکدارانی تاڵیبان لە ویلایهتی وەزیریستان لە باکووری ئەو وڵاتە، تا ئێستا ٥٧٢ ھەزار کەس ئاوارەی شوێنەکانی دیکە بوونە.
بە پێی لێدوانێکی چاپەمەنی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی پاکستان، راپۆرتێکی زۆر بەرفراوان لە بارەی ئەو کەسانەوە کە بە ھۆی ئۆپەراسیۆنی (زەربە ئەزب) له دژی تالیبان کە لە ١٥ی حوزەیرانەوە دەستی پێکردووە، ئاوارە بوونە، رادەستی سەرۆکوەزیران نەواز شەریف کراوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە كه بە گشتی ٤٤ ھەزار و ٦٣٣ خانەوادە زێدی خۆیان بەجێ ھێشتووە کە ژمارەی ئەندامانیان دەگاتە ٥٧٢ ھەزار و ٥٢٩ کەس و ئەم ژمارە زۆرە وەکو ئاوارە روویان لە ناوچەکانی دیکەی پاکستان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو راپۆرتەدا باسی ئەوە کراوە کە بڕەی ٣٢٩ ملیۆن دۆلار بۆ ھاوکاریکردنی ئەو ئاوارانە تهرخان کراوە و تا ئێستا ٢٧ ملیۆن دۆلار گەیهنراوەتە دەستی ئەو خانەوادانە و لە ویلایهتی وەزیرستان بە ھاوکاری رێکخراوی جیھانی خوراک و دامودەزگا جیاجیاکانی حکومەت ھاوکاری بە سەر ئاوارەکاندا دابەش دەکرێ و تا ئێستا نزیکەی ٤٥٠٠ تەن ھاوکاری بە سەر ٣١ ھەزار خانەوادەدا دابەش کراوە.
رۆژی ھەشتی حوزەیران بزوتنهوهی تاڵیبانی پاکستان ھێرشی کردبووە سەر فڕۆکەخانەی کەراچی لە پاکستان و بە ھۆیهوه ٢٩ کەس کوژران و ههر لهو ھێرشەکەدا ١٠ ئەندامی تاڵیبانیش کوژران کە حەفتیان لە لایەن ھێزەکانی سوپاوە کوژران و سێ دیکەیان خۆیان تەقاندەوە.
دوای ئەو ھێرشە سوپای پاکستان دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بۆ سەر پێگهی سهرهكی بزوتنهوهی تاڵیبان لە ویلایهتی وەزیرستانی باکووری پاکستان کرد و دەگوترێ لە ٢٠ رۆژی سەرەتایی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا بەلانی کەمەوە ٣٧٠ ئەندامی تاڵیبان و ١٩ سەربازی سوپای پاکستان کوژراون.