هەولێر
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان عەلی حوسێن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەڵوێستی هەندێک لە وڵاتانی هەرێمیی لەبارەی پرسی ریفراندۆم بۆ گەلی کورد جێگەی سوپاس و رێزە، هەر ئەوەشیان لێ چاوەڕوان دەکرا."
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "گەلی کورد و تورک فارس، هاوکات نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکەش بە درێژایی مێژوو وەک برا لەگەڵ یەک ژیاون و کێشەیان لە نێوان نەبووە، بۆیە ئەوەی چاوەڕێ دەکرێ لەو گەڵانە هەر ئەوەیە کە ئێستا دەبینرێ."
عەلی حوسێن زیاتر گوتی: "هەندێک کەس کە بەدەر لەوەی رێز لە بڕیاری گەلەکەی بگرێ، لێدوانی نابەجێ و دوور لە واقیع دەدەن، بێجگە لە پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم، کەس بۆی نییە لێدوان بە ناوی گەلی کوردەوە بدا و ئاماژە بە بڕیارێک بکا. کە تایبەت بە خودی گەلی کوردستانەوە بێ."
ئەو بەرپرسەی پارتی سەبارەت بەو لێدوانانەی کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەر گەلی کورد بڕیاری سەربەخۆیی بدا، ئەو کات وڵاتانی هەرێمیی خیانەتی لێدەکەن، لەمباریەوە گوتی: "ئەم قسانە بۆنی تائیفی لێدێ و بۆ رازیکردنی لایەنێکی ئاشکرای هەرێمییە لە ناوچەکەدا، دەنا بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەوپەڕی باشی بووە، بۆیە ئەوە بەدوور دەزانرێ خیانەت لەو دۆستایەتییە بکەن."
پێشتر سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان عادل موراد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسێكی ئێرانی رایگەیاندبوو کە پێیوایە ئەو پشتیوانییەی ئیسرائیل و توركیا بۆ كورد دەریدەبڕن، "راستەقینە نییە و دواتر وەک شاهی ئێران خیانەتی لێدەكەن."
لە ئێستادا جیاوازییەكی بەرچاو لە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بەرامبەر پرسی دەوڵەتی كوردی و قەیرانەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەدی دەكرێ، بە بەراورد بە لایەنەكانی دیکە.