Hemn Baban
10 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2018
ھەولێر - AA
سەرۆک شارەوانی مووسڵ دەڵێت "عێراق پێویستی بە دەیان ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەم شێوازەی ئێستا بێت ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ دەیان ساڵی دەوێت".
"رزگارکردنی مووسڵ" ئەو چەمکەی حکوومەتی عێراق کە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی "وا ھاتین نەینەوا" دایڕشتووە بریتییە لەو شەڕەی کە لە ١٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ دەستیپێکرد بۆ رزگارکردنی شاری مووسڵ و دەرھێنانی لەژێر کۆنتڕۆڵی تیرۆریستانی داعش.
شەڕەکە دوای ئەوە ھات کە لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ و بەپێی گێڕانەوە ئەمنییەکانی عێراق نزیک بە ٤٠٠ چەکداری ئیسلامی کە لە گرووپێکن پەیڕەوی سەلەفییەتی جیھادی دەکات توانییان لەبەردەم ترس و داڕووخانی دەروونی بەشی ھەرە زۆری سوپا و ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە مووسڵ لەچەند کاتژمێرێکی کەمدا ئەم شارە بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە و ھەموو ژیان و ھەڵسوکەوت و سیستمی پەیڕەوکراوی ئەوێ بگۆڕن و دواتریش خۆیان بە "دەوڵەتی ئیسلامی" ناساند و سەرکردەکەیان "ئەبو بەکر بەغدادی" بە خەلیفە و ئەمیری موسڵمانان ناساند.
داعش کە بە یەکێک لە دەوڵەمەنترین گرووپە سەلەفییە جیھادییەکانی جیھان دەناسرا چەند ساڵێک، ئێستا ساڵێک بەسەر راگەیاندنی کۆتایی ھاتنی داعش تێدەپەڕێت کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی-یەوە و لەنێو مووسڵەوە لە ١٠ی تەمووز راگەیەندرا، بەڵام ھێشتا ئەو گرووپە جێی مەترسییە بۆ سەر عێراق و جیھانیش وەکو بەرپرسە ئەمنی و حکومییەکان دەیڵێن.
داعش کە لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای گرتنی مووسڵ تا دەھات بەھێزتربوو سەرچاوەیەکی زۆری دارایی ھەبوو لەنێویاندا نەوت، پارەی بانکەکان، ھەروەھا سیستمی تایبەت بەخۆی بۆ راییکردنی کاروبارەکانی خەڵکی ھەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە "دڕندەترین" گرووپی سەلەفی جیھادی دادەنرێت کە بە ھۆی میدیا و ئینتەرنێت و سوشیاڵ میدیایەوە زۆرترین ترس و تۆقاندنی بڵاوکردەوە و دیمەنەکانی سەربڕین و کوشتنی خەڵک بە جۆرەھا شێوازی ترسناک مەترسیی گەورەی لە دڵی خەڵک و دانیشتوانی ژێر قەڵەمڕەوییەکەی بەتایبەت دروست کردبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ و بەدواوە چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی لەدەست دا بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و سوپای عێراق دواتر.
سەرۆک شارەوانیی مووسڵ، عەبدولستار حەبۆ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ھێشتا ھەزاران تەرم لەژێر دار و بەردی باڵەخانە رووخاوەکانی مووسڵدان، شارەکە پێویستی بە پارە و بوودجەی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا ھەیە بۆ ئەوەی ئاوەدان بکرێتەوە و زیانەکان بەدەیان ملیار دۆلارن، ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بڕوات رەنگە دەیان ساڵی تری بوێت، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە تەرخانکردنی بوودجەی تایبەت و وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتیش یارمەتی عێراق بدەن بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو ناوچانەی لەدەستی داعش رزگارکراون ئاوەدان بکرێنەوە و خەڵک چیتر لەژێر خێوەتەکاندا و بەبێ خزمەتگوزاریی نەمێنێتەوە".
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.