Hawkar Yaseen
23 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە رایگەیاند، پشتگیری داوا رەواکان دەکەین، بەڵام دژی توندوتیژین.
سێ رۆژە لە سلێمانی و هەندێک شار و شارۆچکەی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانی بەشێک لە خوێندکاران و هاووڵاتییان دەستی پێ کردووە و لە هەندێک ناوچەش خۆپیشاندانەکان گرژی و ئاڵۆزی لێ کەوتەوە.
مونا قەهوەچی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین هیچ توندوتیژییەک لەلایەن هیچ لایەک ئەنجام بدرێت، هەموو رێگاکان و رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ هەر توندوتیژییەک ئەنجامبدرێت بەرامبەر هەر قوتابییەک یان هەر هێزێکی ئەمنی، چونکە ئێمە وەک پەرلەمانی کوردستان نوێنەری هەموو چین و توێژەکانی کوردستانین ناکرێت ئێمە تەنیا بەرگریکاری راوبۆچوون و داواکارییەکانی قوتابییان بین، قوتابییان ئازیزن لای ئێمە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانیش زۆر گرنگن و ماف و گیانیان دەبێت بپارێزین، چونکە ئەگەر ئەوان نەبن ئێمەش ناتوانین ئاسوودانە کارەکانی خۆمان ئەنجام بدەین، بۆیە ئێمە ئیدانەی هەر توندوتیژییەک دەکەین لەلایەن هەر لایەک ئەنجام بدرێت".
راشیگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵامان راسپارد بەدواداچوون لەسەر داواکارییەکانی خوێندکاران بکەن، دەستیان بە کارەکانین کردووە و بەردەوامیش دەبن".
مونا قەهوەچی دەربارەی هەوڵەکانی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خوێندکاران و خۆپیشاندەران رایگەیاند "یاداشتمان بۆ هاتووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک و لە یاداشتەکەدا داوایان کردووە وەزیرانی پەیوەندیدار بەو پرسە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبن، ئێمە پشت بەو یاداشتە دەبەستین داوا لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و دارایی دەکەین ئامادەبن، هەرکاتێک ئەوان ئامادەبن بێنە پەرلەمان، ئێمە کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە ئەنجام دەدەین".