Zana Natık Kerem
13 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2022
ھەولێر - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەبارەی ئەو دەستدرێژییەی کە کرایە سەر ھەرێمی کوردستان، پەیوەندیی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیی لەگەڵ لایەنە حکوومی و سیاسییەکانەوە ئەنجام دەدات.
نووسینگەی تایبەتی سەرکردەی رەوتی سەدر بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر ژوورێکی ئۆپەراسیۆنەکانی پێکھێناوە کە تیایدا هاتووە "لەبارەی ئەو دەستدرێژییەی کە کرایە سەر ھەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکیی پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە حکوومی و سیاسییەکانەوە ئەنجام دەدات".
راشیگەیاندووە کە موقتەدا سەدر، دەستدرێژییەکەی سەر شاری ھەولێر، بە پێشھاتێکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی ھاووڵاتییان و سەروەریی عێراق لەقەڵەمداوە.
شەوی رابردوو سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھێرشە مووشەکییەکەی سەر شاری ھەولێری ئیدانە کرد.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەزگای دژە تیرۆری ھەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو ١٢ مووشەکی بالیستیکی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئاراستەی شاری ھەولێر کران کە جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە.
ھێرشەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی، بەتوندی ئیدانە کرا.