سياسەت, عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

موقتەدا سەدر: "رێگا بەھیچ وڵاتێک نادەم دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان"

سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر: "ئەوەی ئێستا لە بارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق روودەدات، ململانێیەکی دیموکراتییە و رێگا بەھیچ وڵاتێک نادەم، دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە".

Zana Natık Kerem  | 24.10.2021 - نوێکردنەوە : 26.10.2021
موقتەدا سەدر: "رێگا بەھیچ وڵاتێک نادەم دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکان"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە ئەوەی ئێستا لە بارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق روودەدات، ململانێیەکی دیموکراتییە و رێگا بەھیچ وڵاتێک نادات، دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانەوە.

موقتەدا سەدر راگەیەندراوێکی لەبارەی سیاسەتی مامەڵەکردن لە قۆناغی داھاتوودا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "ھەر وڵاتێکی دراوسێ دەستوەردانی نەکردووە لە کاروباری ناوخۆی عێراق، ھەوڵی پتەوترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵیاندا دەدەین و کاریش دەکەین لەسەر دۆزینەوەی پرۆژە ھاوبەشەکان لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووریی، رۆشنبیری، تەندروستیی، پەروەردە، پیشەسازیی و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی لە سەرجەم بوارەکاندا، ھەروەھا پتەوترکردنی رۆڵی دیپلۆماتیی ھاوبەش، عێراقیش بەھیچ شێوەیەک دەست لەکاروباریان وەرنادات".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش ھاتووە "ئەو وڵاتانەی کە دەستوەردانەکانیان روونە لە کاروباری سیاسیی و ئەمنیی عێراقدا، بە گفتوگۆ لەسەر ئاستی باڵا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین بە ئامانجی راگرتنی دەستوەردانەکانیان، ئەگەر وەڵامیان ھەبوو ئەوا پێشوازیی لێکراون، ئەگەر نا ئەوا بە پەنابردن بۆ رێگا دیپلۆماتیی و نێودەوڵەتیەکان، ھەوڵی راگرتنی دەستوەردانەکانیان دەدەین".

سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە کە عێراق دەستوەرناداتە کاروباری ھیچ وڵاتێکی دراوسێ و ھاتووە "رێگا بەھیچ وڵاتێک نادەین دەستوەربداتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، چونکە ئەوەی ئێستا لە بارەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق روودەدات، ململانێیەکی دیموکراتییە و پێویستمان بە دەستوەردانی ھەرێمیی نییە".

لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "رێز لە سەروەریی سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دەگرین و دەستوەرنادەینە کاروباری وڵاتانی دراوسێ و دەمانەوێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ھاوبەش مامەڵەیان لەگەڵیدا بکەین".

موقتەدا سەدر لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە "ھەموو ئەوانە بەدەستپێکێک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە لە قەڵەم دەدەم و عێراقیش ھەوڵەکانی بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا، دەخاتەگەڕ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تائیفی یان کەسیش مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın