Rewa Mahmood Hasan
24 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دانوستانەکانی لایەنە براوەکانی شیعە، سوننە و کورد لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە ١٠ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، هەریەک لە پارتەکانی هەرێمی کوردستانیش کەوتوونەتە خۆیان بۆ لێکنزیکبوونەوەی بۆچوون و بەرنامەی کاریان تاوەکو بەیەک بەرنامەی کارەوە بچنە بەغدا.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دانوستان لەگەڵ گرووپە شیعییەکانی نێو عێراق و مەودای نزیکی و دووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شاڵاو عەلی عەسکەری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە گفتوگۆدا دەبن و گوتی: "ئێمە بەیەک مەودا دوورین لە هەموو کوتلەکان، ئێمە لێکتێگەیشتنێکمان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی، لەگەڵ گۆڕانیش دانیشتن دەکەین کە ئێمە هەریەکە و بەرنامەی خۆی تەرح بکات، گفتوگۆی لەسەر دەکەین، بەڵام بڕیارمان داوە کە هەموومان بەیەک بەرنامەیی بچینە بەغداد، ئەوسا چی لایەنێک ئامادەیی تێدابێت بۆ جێبەجێکردنی داخوازییەکانی کورد لە شایستە سیاسییەکان، شایستەی ئیداری و دارایی هەرێم، ئێمە لەو لایەنەوە(عێراقی)ەوە نزیکین".
سەبارەت بە هێڵە سوورەکانی یەکێتی و ئەو پۆستانەی داوای دەکات لە بەرامبەر داخڵبوونی بە لیستەکانی تری هەرێمی کوردستان تاوەکو بەیەک دەنگ پێی بچنە بەغدا، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند کە ئەوان بەرنامەی کاری خۆیان ئاشکرا ناکەن و گوتی: "هەمانە، بەڵام ئاشکرای ناکەین، پارتی و حزبەکانی تریش بەرنامەی کاریان هەیە، بەڵام ئەمانە هەموومان بەیەکەوە گفتوگۆی دەکەین و دەبێتە یەک بەرنامە و دواتر پێی دەچین بۆ بەغداد. ئێمە تا ئێستا نەکەوتووینە دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی تری عێراقی، بەڵام پەیوەندیمان هەیە، پارتیش بەو شێوەیە".
شاڵاو عەلی عەسکەری لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چی لایەنێکی براوە هەڵبژاردنەوە نزیکە لەنێو گرووپە شیعیەکان، بە زەردەخەنەیەکەوە رایگەیاند کە ئەوان لە ئیمامی عەلی-یەوە نزیکن.