Hemn Baban
27 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2018
هەولێر - AA
قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند، "ئاوەدانكردنەوەی قەزای شنگال پێویستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە و حكوومەتی عێراق بەڵێنی دا شنگال بكرێت بە پارێزگا".
مەحما خەلیل لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە خراپی بارودۆخی قەزای شنگال كرد و گوتی: "لە راستییدا بارودۆخی شنگال لە ئاستێكی خراپدایە و رۆژ بە رۆژ ژیان بەرەو قورستر دەچێت، رەفتارەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە لەسەر خەڵكی شنگال ناخۆش بووە، هەروەها نەبوونی رێگەی نێوان شنگال و هەرێمی كوردستان وایكردووە زەحمەتییەكان زیاتربن، چونكە كردنەوەی ئەو رێگەیە دەبووە هۆی ئەوەی گەڕانەوە هەبێت بۆ شنگال، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری و رێزنەگرتن و نەبوونی یاسا وایكردووە خەڵكی شنگال بەگشتی دەتوانیین بڵێین زیاتر لە 90 لەسەدی خەڵكی ئێزدی لەنێو كەمپەكان لە ژێر خێوەت بن".
لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كێشە لەسەر پۆستی قایمقامی شنگالیش دروست بوو و حەشدی شەعبی كەسێكی دیكەیان لەبری مەحما خەلیل وەكو قایمقامی شنگال دیاریی كرد، سەبارەت بەوەی كێ قایمقامی شنگالە بەڕەسمی ئەو یان ئەو قایمقامەی كە ماوەیەك لەمەوبەر لە لایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی كەسێكی دیكە لە بری ئەم دیاریكرابوو، مەحما خەلیل دەڵێت کە بە یاسا و بە دەستوور هێشتا ئەو لە پۆستەكەی خۆیدا ماوەتەوە و گوتی: "ئەو قایمقامەی دانراوە هەندێك لایەنی حەشدی شەعبی و پەكەكە دایانناوە نەوەك حكوومەتی عێراق، لەدوایین سەردانیشماندا بۆ بەغدا سەرۆك كۆمار و پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و پارێزگاری مووسڵیش بە سوپاسەوە جەختیان كردەوە لەسەر ئەوەی كە دەبێت رێز لە دامەزراوەكانی رەسمی بگیرێت بەتایبەت ئیرادەی خەڵكی ئێزدی، بۆیە نە بە یاسا و نە بە دەستوور و نە بە شەرع ئەوەی كراوە راست نییە، ئێمە قایمقامی شەرعیین و شەرعییەتمان لە خەڵكی شنگال لە رێگەی ئەنجوومەنی قەزای شنگال و ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ كە لە لایەن ئەوانەوە پەسەندكراوین، بۆیە هەر هەنگاوێك بهاوێژرێت لەوبارەیەوە نایاسایی و نادەستوورییە و چۆن عەبادی داوای جێبەجێكردنی دەستوور و یاسا دەكات ئێمەش داوای ئەوە دەكەین، ئەوەی كراوە هەڵگرتنی سیفەتێكە بە نایاسایی و هیچ ئیمزایەكییان ناخوات و دەبێت چیدی لێنەگەڕێین بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ژیانی خەڵكی شنگال قورستر نەبێت".
سەبارەت بە ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئەو بڕە پارەی پێویستییەتی كە بە هۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆری بەركەوتووە، مەحما خەلیل رایدەگەیەنێت "وەكو شنگال و ئەنجوومەنی قەزای شنگال ئێمە رامانگەیاند سەرباری هەموو رێزێك بۆ ئەو زیانانەی بەر مووسڵ بەگشتی گەیشتووە، بەڵام ئێمە ئەوەی ئامارمان كردووە لە رووی ئەندازییەوە ئەوا 520 شوێنی ئەندازەیی لە شنگال زەرەریان بەركەوتووە، مووسڵ دەڵێت 45 ملیار دۆلارمان پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگای نەینەوا، ئێمەش بەلانیكەم چارەكی ئەو زیانەی بەر مووسڵ كەوتووە بەر ئێمە كەوتووە لە شنگال. لە مووسڵ نزیكەی 25 هەزار خانوو زیانییان پێكەوتووە، بەڵام ئێمە لە شنگال و سنونێ و گرعوزێر و ناحیە و دەورووبەرەكانی دیكەی 20 هەزار خانوو وێران بوون، شەش هەزار و 417 كچ و خوشك و دایكی ئێمە رفێنران و بەشێكیان هێشتا ماون، خەڵكی شنگال هەموو كەلوپەل و ماڵییان تاڵانكران، بۆیە داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەویی دەكەین كە بەلانیكەم دەبێت لە 10 ملیار دۆلار كەمتر نەبێت، مەسەلەی شنگال مەسەلەیەكی مرۆییە و پێش ئاوەدانكردنەوەی شوێن و خانووەكان دەبێت لە رووی دەروونی و كۆمەڵایەتییەوە كار بۆ خەڵكەكە بكرێت و دەرفەتی كارییان بۆ بدۆزرێتەوە و رابهێنرێنەوە لەگەڵ ژیان و ئەمانەشمان بە حكوومەتی عێراق گەیاندووە كە بەڵێنی دابوو شنگال بكرێت بە پارێزگا و تا ئێستاش بۆ ئەو بڕیارە هیچ نەكراوە".
هەروەها گوتیشی: "پێویستە هەمووان دەستی خۆیان بۆ خەڵكی شنگال درێژ بكەن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دامەزراوە دەستوورییەكان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و كار بكەین بۆ گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەو شوێنە".
لەبارەی چیای شنگالیشەوە مەحما خەلیل دووپاتیدەکاتەوە کە ئێران دەیەوێت لەو ناوچەیە رێڕەوێك بكاتەوە بۆ ئەوەی چەكدار بنێرێتە سووریا و گوتی: "چیای شنگال وەكو سیمبولێكی پێكهاتەی ئایینییە، هێمای ئایینی ئێزدییە و ناوچەكە ستراتیجییە، خەڵكی بەرماوەی 74 فەرمان ئەو چیایە پاراستوونی، دەبێت ئەو چیایە بۆ خەڵكی شنگال بێت، ناسنامەیەكی ئێزدیی هەیە و نامامانەوێت ئەو چیایە ببێتە شوێنێك بۆ ململانێی تایفی، ئێران دەیەوێت لەوێ رێڕەوێك دروست بكات بۆ ئەوەی چەكدار بنێرێتە سووریا، بۆیە نە لە بەرژەوەندیی عێراق و نە لە بەرژەوەندیی مووسڵ و خەڵكی شنگالە چیای شنگال بكەوێتە دەست ئێران و حەشدی شەعبی، ئەوە چیایەكی ستراتیجییە و دەمانەوێت شوێنێك بێت لە چەك دابماڵدرێت و نەبێتە ناوچەیەك بۆ ململانێی تایفی و ئەو دەڤەرە تێكبدرێت".