Zana Natık Kerem
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە بەڵێنەکانیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان، بەدیھێنانی دادوپەروەیی و ئەنجامدانی چاکسازیی لە بواری ئابوورییدا، جێبەجێ کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ سێشەممە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا ستایشی ھەڵوێستی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دادوەرانی کردووە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژانی ھەردوو رۆژنامەنووس ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی و گوتی: " ھەر لەسەرەتای پێکھێنانی حکوومەتەوە، لەبەردەم گەلەکەمان بەروونی و ئاشکرا گوتمان کە بکوژانی چالاکوانان، میدیاکاران و ھاووڵاتییانی بێ تاوان، بەبێ سزا و لە دەستی یاسا تێپەڕنابن".
باس لەوەشکراوە ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندووە کە بەڵێنەکانیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان، بەدیھێنانی دادوپەروەیی و ئەنجامدانی چاکسازیی لە بواری ئابوورییدا، جێبەجێ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە مستەفا کازمی ھەروەھا گوتوویەتی: "ھەوڵەکانمان بە ئامانجی راوەدوونانی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تێوەگلان لە تاوانی کوشتن خستەگەڕ و توانیومان، بکوژانی ھیشام ھاشمی، ئەحمەد عەبدولسەمەد و سەفا غالی دەستگیر بکەین و بەردەوامیش دەبین لە راوەدوونانی سەرجەم ئەو کەسانەی کە تیوەگڵان لە کوشتنی ھاووڵاتییانی بێ تاوان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راشیگەیاندووە "پاڵپشتی لە سەربەخۆیی دادگا دەکەین و ھەوڵی تۆڵەسەندنەوە نادەین، بەڵکو ئامانجمان بەدیھێنانی دادپەروەییە".