Zana Natık Kerem
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە گەنجەكانی عێراق لە گۆڕەپانی تەحریر بەدرێژایی ساڵێك جوانترین نموونەی نیشتمانپەروەرییان پیشاندا.
مستەفا كازمی سەبارەت بە كردنەوەی رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا تویتێكی بڵاوكردەوە و نووسیوویەتی:"گەنجەكانمان لە گۆڕەپانی تەحریر بەدرێژایی ساڵێك جوانترین نموونەی نیشتمانپەروەرییان پیشاندا، ئەمڕۆش بە كردنەوەی گۆڕەپانەكە بۆ هاتوچۆ و ئاساییكردنەوەی ژیان، جەختیان لە نیشتماندۆستی خۆیان كردەوە، هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد، وادەی گۆڕانكاریی داهاتووە كە گەنجانمان بەسنگی فراوانەوە دەستیان پێكرد".
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە تویتەكەیدا ئەوەیشی نووسیووە"عێراق، گەنجەكانی لە بیر ناكات".
پێشتر فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، فەریق روكن قەیس محەمەداوی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دووبارە رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری بە رووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كراونەتەوە.
لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ەوە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رێگەی گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری لە ناوەڕاستی بەغدا داخستبوو.