Zana Natık Kerem
05 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 05 ئاب 2020
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی بارەگای وەزارەتی ناوخۆی کرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاکان، كۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند كە مستەفا كازمی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی كردووە و لە میانیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و ژمارەیەك فەرماندەی باڵای ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆ، كۆبووەتەوە.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندووە، دەرفەتی ئەوەیان هەیە كاری باش بكەن و هەڵەكان چاك بكەنەوە و كاتێك ئاماژە بۆ هەڵەكان دەكەن، ئەوا لە پێناو ئەوەدایە كاری باشتر بكەن و گوتی:
"رێگە بە هیچ ئەندامێكی پارتەكان نادەین فشار بخەنە سەر هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەركی ئێوە پاراستنی هەمووانە بێ ئەوەی هیچ كەس و لایەنێك دەست وەردەنە كارەكانتانەوە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاندووە، هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ ئەركێكی گەورەیان لەئەستۆدایە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: "یەكێك لەو ئەركانەی كە گرنگە هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامی بدەن، ئەوەیە بە باشترین شێوە هەڵبژاردنی داهاتوو بپارێزن".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە سەرۆكوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پابەندبوون بە بنەمای كاری ئەمنیی، رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، پتەوتركردنی متمانەی نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان لە ئەركە سەرەكییەكانی وەزارەتی ناوخۆیە.
نووسینگەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، مستەفا كازمی بە گرنگی زانیوە كە زیاتر گرنگی بەكاری ئاژانسی هەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆ بدرێت و ببێت بە كاری لەپێشنەی وەزارەتەكە.