Muhammet Ali Kemal
11 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەیمس ماتیس، هیوای خواست قەیرانی کۆریای باکوور لە رێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت.
بەپێی هەواڵێک کە BBC بڵاوی کردوەتەوە، جەیمس ماتیس لە میانی گوتارێکدا لە کالیفۆرنیا، وێڕای ئاماژەدان بەوەی ئەرکی ئامادەبوون بۆ شەڕ و پێکدادان لە ئەستۆی ئەوە، وەک وەزیری بەرگریی بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن و نوێنەری هەمیشەیی ئەو وڵاتە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نیکی هالی، دەرەنجامی باشی لێکەوتووەتەوە.
ماتیس رایگەیاند ''تراژیدیای جەنگ زۆر روون و ئاشکرایە. جگە لەوەی کە وێرانکەرە، پێویستی بە هیچ ناونانێکی دیکە نییە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلانیان لەبەرامبەر ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، رایگەیاند ''وڵاتەکەمان ئامادەیە. بەڵام ناتوانم لەئێستاوە و بەرلە هەمووشتێک ئەوە بە دوژمن بڵێم کە بەنیازین چی بکەین''.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی یۆنهاپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشكی سپی، هێربێرت رایمۆند ماکماستەر و هاوتاکەی لە کۆریای باشوور، چونگ ئوی یۆنگدا، پێشوەخت رێککەوتن لەسەر ئەو هەنگاوانە کراوە کە دژی کۆریای باکوور دەنرێن.
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور، پارک سو هیون، لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کە ماوەی ٤٠ خولەکی خایاندووە، رایگەیاندبوو ''هەردوولا تاوتوێی کیشە ئەمنییەکانیان کە لە ئەنجامی شەڕانگێزییەکانی کۆریای باکوور لە نیمچە دوورگەی کۆریا هاتووەتە ئاراوە، گرژییەکان و چارەسەری ئەو کێشانەیان کرد. ئەمریکا و کۆریای باشوور بەڵێنی ئەوەیان بەیەکتردا کە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکانیان و هاووڵاتییانیان، هەماهەنگی شەفاف و نزیکیان سەبارەت بە هاویشتنی هەنگاوەکان لەنێواندا بێت''.