Zana Natık Kerem
26 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2019
جنێڤ ــ AA
وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان لەبارەی گەمارۆکان کە بەسەر وڵاتەکەیەدا سەپێندراون رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درکی بەوە کردووە، ئەو بانگەشانە ناڕەوان کە بە ھۆیانەوە گەمارۆ بە نایاسایی بەسەر قەتەردا سەپێندراوە.
محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی لە چلەمین خولی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو گوتارێکی پێشکەشکرد.
وەزیری دەرەوەی قەتەر گوتی: "ئەو وڵاتانەی کە گەمارۆیان بەسەر قەتەردا سەپاندووە، وا بۆ نزیکەی دوو ساڵ دەبێت تاکە لایەنانە و بە شێوەیەکی نایاسایی رێکاریان گرتووەتەبەر، ئەویش تەنھا بە ئامانجی زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان، سەروەری، ئاسایش و سەقامگیری قەتەر".
محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی گوتیشی: "بێ گومان ئەو رێکارانە پێچەوانەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا یاساکانی مافی مرۆڤە بە تایبەتیش بنەمای یەکسانی و رێگریکردن لە جیاکاری".
وەزیری دەرەوەی قەتەر باسی لەوەشکرد کە گرنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کاردانەوەی ھەبێت لەھەمبەر ئەو رێکارانە لەوەی میکانیزمێک دابنێن بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە بە ھۆی گەمارۆکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەها سزای ئەو کەسانەش بدەن کە بەرپرسن لە گرتنەبەری ئەو رێکارە نایاساییانە.
محەمەد بن عەبدولرەحمان جەختیکردەوە کە ھێشتا قەتەر باوەڕی بەوە ھەیە کە دەبێت قەیرانی کەنداو بە شێوەیەکی گشتگیر و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان بێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆدا، چارەسەر بکرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر ھەروەھا ستایشی ئەو ھەوڵانەی کرد کە میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەنداو خستووەتیەگەڕ و رایگەیاند کە ئۆمێد دەکەن ئەو ھەوڵانەی میری کوێت سەرکەوتوو بێت.
سەبارەت بە دۆسیەی مافی کرێکاران لە قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی یاسایەکی بۆ پێدانی مافی نیشتەجێبوونی ھەمیشەیی دەرکردووە، ھەروەھا یاسای رێکخستنی ھاتن و چوونی ھاووڵاتییانی بیانی و نیشتەجێبوونیان لە قەتەر ھەموارکراوەتەوە.
لەبارەی رۆڵی قەتەر بۆ پشتیوانیکردنی گەشەپێدان، محەمەد عەبدولرەحمان ئالسانی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە قەتەر لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری وەک پشتیوانی دارایی بۆ ژمارەیەک لە رێکخراو و سندوقە مرۆییەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکردبوو.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند لە ماوەکانی داھاتوودا، ماڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆحە دەکرێتەوە کە نووسینگەکانی نوێنەرایەتی ژمارەیەک دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت.