Heman Hussein Yaseen Yaseen
26 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2019
هەولێر - AA
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا، ئۆلاند خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیووە و پوختەیەکی دەربارەی سەردانەکەی و بەسەرکردنەوەی چەند ناوچەیەکی مووسڵ و بەشدارییان لە رێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی رۆژنامەوانی شەهید شیفا گەردی پێشکەشکرد، ھەروەھا باسی سەردانەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای شەڕی داعش و بەسەرکردنەوەی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ مەسعود بارزانی کردووە و دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کردووە بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران، جەختیشی لە گرنگیی ھەماھەنگیی نێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکان کردووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەکە و ھاوکارییە بەردەوامەکانی فەڕەنسای بۆ ھەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکاندا کردووە و رۆڵی فەڕەنسای لە لابردنی ئابلۆقەی سیاسی و دیپلۆماتیی سەر ھەرێمی کوردستان بەرز نرخاندووە، ھەروەھا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی بەشێک لە گرفتەکان کردووە و پشتگیریی ھەرێمی کوردستانی بۆ حکوومەتی عادل عەبدولمەھدی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای گفتوگۆوە، دووپات کردووەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لەوەشکردووە کە مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش لەئارادایە و لەمبارەیەوە ئێستا ھەماھەنگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەیە بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانزمێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، وێڕای ئەوەی کە ھەولێر و بەغدا لە چەند بواری دیکەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گفتوگۆدان.