Dlshad Saifaalddin Ahmed
27 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2019
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە مەترانی ئەرمەنی ئۆتۆدۆکس لە عێراق، ئاڤاک ئەسەدۆریان و شاندێکی یاوەری کرد کە لە ژمارەیەک پیاوانی ئاینی پێکھاتبوون.
بەگوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە کە ھەرێمی کوردستان بە لانەی ئارام و شوێنی ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەمێنێتەوە، ھەروەھا جەختی لە قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی و پاراستنی مافی ئەرمەن و تەواوی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان کردەوە.
لەلای خۆیەوە ئەسەدۆریان سوپاس و پێزانینی کەنیسەی پێکھاتەی ئەرمەنی لە ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ ئەو پشتگیرییەی کە ھەمیشە پێشکەش بە پێکھاتەی ئەرمەنی لە ھەرێمی کوردستان کردووە.

لە دیدارەکەدا کە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دۆخی ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، کاروباری دێر و کلێساکانیان لە زاخۆ، دھۆک و ھەولێر، ماف و داواکاری و پێداویستییەکانیان، تاوتوێ کران.