Mazın Asad
30 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2017
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لەبارەی پشتگیری ئەمریکا بۆ یەپەگە رایگەیاند: "چ جۆرە بژاردە و کاتێک لە پێشمان ھەبوو، خستمانەڕوو. بەڕاشکاوانە دەیڵێم کە ئەمانە بڕیاری زۆر سەخت و بژاردەی زۆر سەختە، بەڵام مشتومڕی بەسوود لەوبارەیەوە درێژەی ھەیە. لە دیدارەکانمان بە درێژایی رۆژ لەگەڵ بەڕێز سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیر مشتومڕەکان بە ھەند وەردەگرین. لە ئەنجامدا دەتوانم بڵێم کە ئەمریکا و تورکیا وەک ھاوبەشێکی ئەم ھاوپەیمانێتییە بەردەوام دەبن".
دوای کۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن کە لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەنجام درا، ھەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تیلەرسن ئاماژەی بەوە دا کە رێژەی ھێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر داعش لە بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە سەدا ٢٥ زیاد کردووە و راشیگەیاند بە رێزەوە پێشوازی لە ھەوڵەکانی تورکیا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکەن.
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا ھەروەک سەردەمی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما، دۆناڵد ترەمپیش پشتیوانی لە یەپەگە دەکات، تیلەرسن لەوبارەیەوە گوتی: "پێکەوە دەتوانین سەقامگیری ناوخۆی سووریا دەستەبەر بکەین و ھەڵی گەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ ناوچەکانیان بدەین و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن ئەنجام بەدەست بھێنین. ئێمە ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتانە کردووە. پێموایە دیدارێکی زۆر بە سوودمان بۆ ئاڵۆگۆڕی بیروڕامان ئەنجام دا. لەوبارەیەوە لە ئایندەدا درێژە بە کارەکانمان دەدەین".
لە وەڵامی پرسیارێک کە "چاوشئۆغڵو دەڵێت کە تورکیا ھیچ جیاوازییەک لە نێوان یەپەگە و پەکەکە ناکات. لەوبارەیەوە جیاوازی بۆچوونەکان چۆن نامێنێت؟" تیلەرسن رایگەیاند: "لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش جارێکی جەخت لەوە دەکەمەوە کە ھەموو کەسێک دڵنیا بێت لەسەر شکستھێنانی داعش لەلایەن تورکیا و ئەمریکا. ئامانجی ھاوپەیمانییەکە ئەمەیە. لە ھەر شوێنێکی جیھان تیرۆر لە کوێوە سەرھەڵدات، ئەم ھاوپەیمانییە رووبەڕووی دەبێتەوە. کەس گومانی لەمە نەبێت. لە پێناو گەیشتن بەم ئامانجە، پێویستە لەرووی بەکارھێنانی تاکتیکەکانەوە لەگەڵ ھاوپەیمانە گرنگەکانمان کۆبینەوە. لەو خاڵەدا پێویستە بڕیارێک بدەین. بۆیە مشتومڕی ئەندامانی ھاوپەیمانان درێژەی ھەیە بۆ تاوتوێکردنی چالاکییە سەربازییەکان. مشتومڕەکان درێژەی دەبێت. ئەمڕۆش مشتومڕەکان بەردەوام بوو. چ جۆرە بژاردە و کاتێک لە پێشمان ھەبوو، خستمانەڕوو. بەڕاشکاوانە دەیڵێم کە ئەمانە بڕیاری زۆر سەخت و بژاردەی زۆر سەختە، بەڵام مشتومڕی بەسوود لەوبارەیەوە درێژەی ھەیە. لە دیدارەکانمان بە درێژایی رۆژ لەگەڵ بەڕێز سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیر مشتومڕەکان بە ھەند وەردەگرین. لە ئەنجامدا دەتوانم بڵێم کە ئەمریکا و تورکیا وەک ھاوبەشێکی ئەم ھاوپەیمانێتییە بەردەوام دەبن".