Hakan Çopur,Kasım İleri,Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal
28 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە ئێستادا هەڵسەنگاندن دەکات بۆ راگرتنی یارمەتی چەک بۆ یەپەگە دوای گرتنەوەی رەققە، بەڵام هاریکارییەکانیان لەگەڵ ئەو رێکخراوە بەردەوامی دەبێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) و کۆشکی سپی لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی هەینی رابردوو نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و ئاماژەکان بە راگرتنی یارمەتی چەکی ئەمریکا بۆ یەپەگە هاتنە دەنگ.
گوتەبێژی مێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پنتاگۆن، ئێریک پاهۆن وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە تەنها بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەوانە لە رەققە، پشتگیری چەکی کراوە بۆ رێکخراوەکە.
ئێریک پاهۆن ئاماژەی بەوەدا کە پشتگیریەکانیان بۆ رێکخراوەکە هەڵدەسەنگێنن و گوتی: "بەردەوام ئێمە بە ئاشکرا بە تورکیامان گوتووە کە یارمەتیە چەکییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجی سەربازی و ئەرکی تایبەت و سنوورداری پەیەدە و هێزەکانی سوریای دیموکرات و لایەنە کوردیەکان بووە. ئێستا سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەو پشتگیریە سەربازیەی هاوکارە کوردەکانمان (یەپەگە) لە پێناو هەوڵەکانی سەقامگیری رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش.
گوتەبێژی مێزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پنتاگۆن، ئێریک پاهۆن ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بۆ سەقامگیرکردنی ناوچەکە و رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش، بەردەوام دەبن لە هاریکاریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات.
هاوکات بریگەدێر جەنەراڵ رۆب مانینگ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا باسی ئەو بابەتەشی کرد و رایگەیاند ''سەبارەت بەو پشتیوانییە سەربازییەی پێشکەشی هاوپەیمانە کوردەکانمانی دەکەین، بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لەو رێکارانە دەکۆڵینەوە کە پێویستە بگیرێنە بەر''.
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندەرز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا باسی لەوەکرد ئەمریکا بابەتی کۆتاییهێنان بە هاوکارییە سەربازییەکانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ پەکەکە/یەپەگە کرد لەدوای رزگارکردنی رەققە هەڵسەنگاندووە.
سارا ساندەرز رایگەیاند ''پلانمان هەموو کات ئەوە بووە کە کاتێک دەستمان بە سەرکەوتن لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا کرد، هاوکارییەکانمان کەمبکەینەوە. لە ئێستادا بە شێوەیەکی فیزیکی خەلافەت (لە رەققە) لەناودەبەین، هەر لەبەر ئەوە لەو دۆخەداین کە پشتیوانیی سەربازیی بۆ ژمارەیەک گرووپی دیارییکراو بوەستێنین. بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت سەرجەم پشتیوانییە سەربازییەکان رادەگرین. هەموو ئامانجەکە بریتیی بوو لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا. لە بەرەکانی جەنگدا (دژ بە داعش) رێگەیەکی دوور و درێژمان بڕی و پلانەکە هەموو کات ئەوە بوو کاتێک بەرەو پێشچوون تۆمار بکرێت و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر پلانەکەدا نەهاتووە''.
دوای ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا ترەمپ بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی رەققە دەسەڵاتی دابوویە پنتاگۆن کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ چەک بداتە پەیەدە، ئەم هەڵوێستەی ترەمپ ببووە مایەی گرژیی لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا. لای خۆیشییەوە پنتاگۆن باسی لەوەکردبوو کە ئەو چەکانە بۆ ئۆپەراسیۆنی رەققە پێویستن و ئاماژەی بەوەکردبوو ئەو پشتیوانییەی لەو چوارچێوەیەدا پێشکەشی پەیەدە دەکرێت هەنگاوێکی ''تاکتیکییە''.