Zana Natık Kerem
09 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
لایەنەکانی ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان لە ھەولێر کۆدەبنەوە و لە میانیدا دوایین پێشھاتەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و یەکخستنی ھەڵوێستەکانیان تایبەت بە کاری پەرلەمانیی تاوتوێ دەکەن.
ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان ھەریەک لە رەوتی سەدر، ھاوپەیمانی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستان لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەیەک لە ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە کە ئەمڕۆ دووشەممە، لایەنەکانی ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان لە ھەولێر کۆدەبنەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشھاتەکانی رەوشی سیاسی و پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، ھەروەھا یەکخستنی ھەڵوێستەکانی لایەنەکانی ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان تایبەت بە کاری پەرلەمانیی تاوتوێ دەکرێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەکی پێشکەش بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان کردبوو و تیایدا داوای لێکردبوون کە لە ماوەی ١٥ رۆژدا حکوومەت پێکبھێنن.
رۆژی ١١ی ئەم مانگە ئەو واده ٤٠ رۆژییەی موقتەدا سەدر کۆتایی دێت کە وەک مۆڵەت بۆ پێکھێنانی حکوومەت بە چوارچێوەی ھەماھەنگیی دابوو.
لەبەرامبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی (ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە). دەستپێشخەریێکی ١٨ خاڵی بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستووی سیاسیی ئێستا و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگەیاندووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دەستی ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون شەوی رابردوو، ٤٦ پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی دەستپێشخەرییەکانی موقتەدا سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەتەوە، بەڵام ھیچ زانیارییەک لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.