Aram Sharko
09 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2022
کەرکووک - AA
بە سپۆنسەری جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا و بۆ پشتگیریکردنی توانای گەنجان و هاندانیان بۆ نمایشکردن لە شوێنی تایبەت و دوورکەتنەوە لە نمایشکردنی سەر شەقام و شوێنە نەشیاوە گشتییەکان لە ئەکادیمیای قەڵەم بۆ (وەرزش و تەندروستی لەش) بە هاوکاری لیژنەی کەرکووک بۆ پێشبڕکی ئۆتۆمبێل ئیڤێنتێک، بۆ نمایشی ئۆتۆمبێل و درێفت بە ئۆتۆمبێلی وەرزشیی لە گۆڕەپانی پەیمانگای قەڵەمی ئەهلی ئەنجامدرا.
لەوبارەیەوە ئەندامی ئەمیندارێتی ئەکادیمیای قەڵام، سۆران محەمەد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند "بۆ یەکەمجارە ئەم چالاکییە لە شاری کەرکووک ئەنجام دەدرێت و ٥٥ شۆفێری حەوت پاڕێزگای عێراق تیایدا بەشدارن".
گوتیشی: "چالاکییەکە بەسپۆنسەری جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەنجام دراوە و بۆ یەکەمین جاریشە لە شوێنکی داخراو چالاکییەکە بەڕێوەدەچێت".
سۆران محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە شۆفێران لە پارێزگاکانی (بەغدا، هەولێر، نەینەوا، سلێمانی، سەڵاحەددین، کەرکووک و بەسرە) بەشدارییان لەو چالاکییەدا کردووە و لەلایەن لێژنەی تایبەتەوە هەڵسەنگاندن بۆ شۆفێران و نمایشەکان دەکرێت و لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەنجامەکەی رادەگەیانن.
باسی لەوەش کرد، ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە دەبێتە مایەی کۆبوونەوەی هەموو پێکهاتەکان و درووستبوونی ئاشتی و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکە.
هەروەها رایگەیاند کە پێشتر لە پارێزگاکانی بەسرە، هەولێر و بەغدا ئەم جۆرە چالاکییە بەڕێوەچووە، بەڵام ئەمە بۆجاری یەکەمە ئەم چالاکییە لە شاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت و هیواشی خواست لە داهاتوودا، ئەم چالاکییانە دووبارە ببنەوە و بەشێوەی باشتر بەڕێوەبچن.
لەماوەی رابردوودا، گەنجانی کەرکووک لەسەر شەقام و رێگا خێراکانی شارەکە نمایشی ئۆتۆمبێلیان ئەنجام دەدا، هەرچەندە هیچ رووداوێکی نەخوازراوی لێ نەکەوتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام ئۆتۆمبێل بەو شەقامانەدا جوڵەیان هەبوو، بۆیە مەترسی روودانی پێکدادانی سەخت لەو شەقامانە بەدی دەکرا کە لە ئەگەری روودانی، مەترسی بۆسەر گیانی هەردوولا دروست دەکرد.