ھەولێر-AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی بەست کە ھەریەک لە وەزیری دارایی، رێباز حەملان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێم، ئامانج رەحیم ئامادەی بوون.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان ھەبوو، بابەتی ھەرە گرنگ و سەرەکی لەم کۆبوونەوەیە بابەتی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بوو، پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەمان دەکرد لەسەر باری دارایی و ھەمیشە مووچەکانمان کەم دەکردەوە بە پێی ئەو داھاتەی کە ھەمانبوو، خۆشحاڵم ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار رایبگەیەنم پاش سێ ساڵ لە سەختی ژیانی مووچەخۆران بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان کە بەڕاستی تەحەمولی زۆیان کرد و تێگەیشتنیان بۆ باری دارایی ھەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخە ناخۆشەی دروست بوو لە ساڵی ٢٠١٤ جێگەی رێز و تەقدیرە، ھەروەھا شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت کە بە شێوەیەکی زۆر دابەزی، ئەمانە ھەمووی کاریگەر بوون کە نەتوانیین وەکو پێویست لەو چەند ساڵەدا مووچەی تەواو بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابین بکەین".
گوتیشی: "دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە پاش سێ ساڵ خۆشحاڵم بەوەی کە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئێمە ھەنگاوێکی زۆر باشمان بڕیوە بەرەو کۆتاییھێنان بە پاشەکەوتی مووچە، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە و ھەمووی نییە، دەتوانم بڵێم دوای ئەو چاکسازییانەی کە ئێستا پڕۆژەکەی لە پەرلەمانی کوردستانە دەگەینە ئەو قۆناغەی کە لە ھەرێمی کوردستاندا پاشەکەوتی مووچە نەھێڵین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "زۆر نزیک بووینەتەوە لە ماوەیەکی نزیکدا بەو چاکسازییانەی دەیکەن بابەتی پاشەکەوتی مووچە بەتەواوەتی لە کوردستاندا نەمێنێت".
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی کوردستان کە چەند رۆژێکە ھەر چوار پارێزگاکەی ھەرێمی گرتووەتەوە و داواکاریی سەرەکی خۆپیشاندەرانیش بریتییە لە ھەڵگرتن و نەھێشتنی پاشەکەوتی مووچە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی بە تێوەگلان لە بەکارھێنانی خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کرد بە بێ ئەوەی ناوی ھیچ کام لەو لایەنانە ببات و لەو بارەیەوە گوتی: "بابەتی داواکاری و ئەوانەی دێنە سەر شەقام داوکاریی رەوایە و ھەقی خۆیانە، بەڵام ئەوەی ئێمە لە چەند رۆژی رابردوو بینیمان داواکاریی شەقام یان مامۆستا یان تەندروستکاران نەبوو بەقەد ئەوەی کە حزبە سیاسییەکان دەیانویست بە مەرام ئیستیغلالی ئەو خۆپیشاندانانە بکەن بۆ مەرامی خۆیان، ئێمە وەکو حکوومەت دژی ئەوەین و قبووڵیشی ناکەین، ئەوی تریان خەڵک ھەقی خۆیەتی و خۆپیشاندان بە یاسا رێکخراوە و زۆر سروشتییە داوای مافی خۆیان بکەن و حکوومەتیش تێگەیشتنی ھەیە بۆ ئەو مەسەلەیە، تا ئەو رادەیەی نەگاتە تێکدان لەناو کوردستاندا ئێمە تێگەیشتنمان ھەیە، بەڵام کە دەگاتە ئەوەی ھەندێک حزب بیانەوێت ئەو خۆپیشاندانانە ئیستیغلال بکەن بە تەئکید حکوومەت ئەوە قبووڵ ناکات و زۆریش وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە بیانەوێت ئاژاوە لە کوردستاندا بنێنەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ ئامادە بوو باسی لە پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئەمریکای کرد و رایگەیاند "پەیوەندیی ئێمە و ئەمریکا زۆر باشە لە شەڕی داعشدا ئەمریکا یارمەتی ھەرێمی کوردستانی داوە و بێ یارمەتیدانی ئەمریکا زۆر زەحمەت بوو ئێمە داعش لە شوێنی خۆی بوەستێنین، ئێمە زۆر تەقدیری ئەوە دەکەین و زۆر سوپاسی ئەمریکاش دەکەین، ئەمریکا یارمەتیدەرە لە دابینکردنی بەشێک لە بوودجەی پێشمەرگە کە مانگانە خۆی لە سنووری ٢٥ ملیار دینار دەبینێتەوە، بە گشتی پەیوەندیی ئێمە و ئەمریکا دۆستانە و باشە و ئومێدەوارین ئەو پەیوەندییە بەرەو باشتر ببەین لەھەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە بواری ئابووریدا".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دیسانەوە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ھەرێم گوتیشی: "بۆ کۆتایھێنان بە ئاژاوە دروستکردن لە وڵاتی خۆمان و شارەکانی خۆمان ھەرچی پێویست بێت دەیگیرنە بەر، بەڵام ناھێڵین ئاژاوە و رێگری و کێشە دروست ببێت".
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتیشی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە بڕیارێکی باشمان داوە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆرانی کوردستان و زۆر نزیک بووینەتەوە لەوەی کە لە ئایندەیەکی نزیکدا مەوزوعی پاشەکەوتی مووچە نەمێنێت، بەداخەوە لەماوەی رابردوودا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم سەرییان لە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تێکدابوو، بۆیە ئەویش نەیدەزانی چی بکات، ئەوان بە سەرۆکوەزیرانی عێراقییان دەگوت کە مووچە راستەوخۆ بۆ حکوومەتی ھەرێم مەنێرە، پێیان دەگوت مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم مەکە، خۆشبەختانە خودی سەرۆکوەزیران ئەوەشی باس کرد کە ھەندێک لە لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران ئەو شتانەیان پێگوتووە، ماشەڵا ھەندێک لەو لایەنە سیاسییانە و پەرلەمانتار بەردەوام لە رێگەی بەغدا بوون بۆ ئەوەی نەسیحەتی عەبادی بکەن کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم نەکات، بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆکوەزیران دەستووری پێشێل نەکرد، چونکە بە پێی دەستوور لایەنی بەرامبەر دەبێت قسەی لەگەڵ بکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە وەکو کیانێکی سیاسی، بۆیە من ئێستا دەڵێم ئەو لایەنە بەرپرس و ھۆکارن لەوەی ئەو چەند مانگە مووچە نەگاتە خەڵک و بەغدا مووچە و بوودجە نەنێرێت، چونکە سەریان لێیان تێکدابوو کە چی بڕیارێک راستە بیدات و چی بڕیارێک راست نییە، تا خۆشبەختانە بە ھۆی ئەو روونکردنەوانەی کە ئێمە بۆمان دا و بەو شەفافییەتی ئێمە بۆمان روونکردنەوە تێگەیشت و مامەڵەی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم کرد، سوپاسیشی دەکەین کە فڕۆکەخانەکانی کردەوە، ئەو پارەیەشی کە ناردوویەتی تەکمیلەی ھەموو مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ناکات، بەڵام ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەو بابەتانەی دیکەش چارەسەر بکەین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا درێژەی بە قسەکانی دا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە رۆیشتنی دەسەڵات وەکو دروشمێکی خۆپیشاندانەکان گوتی: "ئەو خۆپیشاندانانە ئیستیغلال کراون، داواکاریی خەڵک رەوایە، بەڵام ھەندێک ھێزی سیاسی خەریکی ئیستیغلالکردنی داوای رەوای خەڵکی کوردستان دەکەن، مەسەلەی رۆیشتن لە دەسەڵات ئەم دەسەڵاتە بە سەندوقی دەنگدان ھاتووە و بە سندوقی دەنگدانیش دەڕوات و ئەگەر نا کەسی تر ناتوانێت ئەم دەسەڵاتە لاببات، سندوقی دەنگدان و میللەت نەبێت، میللەت کێی ھەڵبژارد دەتوانێت ئەو لایەنە خۆی بە نوێنەری میللەت بزانێت".
گوتیشی: "دەبێت مووچەخۆران و خەڵک بزانن کە مەعقول نییە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پارەی لەبەردەستدا بێت و مووچە نەدات، ئێمە ئیمکانیتامان نییە، کێشەمان ھەبووە، ئەوەندە سەریان لە خەڵک تێکداوە ھەندێک خەڵک نازانێت کامە راستە و کامە ناڕاستە، وەکو دەسەڵات و حکوومەت ھیچ حکوومەتێک نایەوێت مووچەی مووچەخۆران نەدات، ئێستا گۆڕینێکی باشمان کردووە لە بەرژەوەندیی مووچەی مووچەخۆران و ھەوڵ دەدەین ھەر ئەو پاشەکەوتی مووچەیە نەھێڵین".
ھەروەھا زیاتر روونیشی کردەوە و گوتی: "ئێمە ھیچ رێککەوتنێکی ژێر بەژێرییمان لەگەڵ بەغدا نییە و ھەموی شەفاف و زانراوە و لەچوارچێوەی دەستووردا رێککەوتنمان لەگەڵ بەغدا کردووە".
گوتیشی: "لەگەڵ ئەنقەرە بەردەوامین بۆ مەسەلەی گەشتەکانی فڕۆکەوانی بۆ سلێمانیش، رەنگە کاتێکی بوێت، بەڵام ئومێد دەکەین ئەوەش چارەسەر بکەین".
ھەر لەبارەی مووچەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە گوتوومانە کێشەکان وا چارەسەر دەکرێن کە پشت بە داھاتی حکوومەت دەبەستێت و چەند داھاتمان بەرز بێتەوە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، جاران بۆ نموونە شەھیدان وەکو خۆیان مانگانە مووچەیان وەرنەدەگرت، ئێستا ئیتر مانگانە وەریدەگرن، خانەنشینان، زیندانییانی سیاسی، پێشتر پاشەکەوت زۆرتر بوو، ٥٠ بۆ ٦٠ لەسەد بوو، ئێستا زۆرترین رادە لە ٢٥ تا ٣٠ لەسەد زیاتر نابێت، لەماوەیەکی نزیکدا ئومێد دەکەین ئەوەش چارەسەر بکەین، ئەولەوییەتی یەکەمیشمان ئەوەیە مووچەی مووچەخۆران وەکو خۆی دابین بکەین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: "ئێمە پرنسیپێکمان ھەیە کە بە ھیچ شێوەیەک نابێت خاکی کوردستان بەکاربھێنرێت بۆ لێدان و دروستکردنی ئاژاوە بۆ دراوسێیەکان، ئەمە بۆ تورکیا، ئێران و سووریا جێگیرە، ئێمە بە ھیچ شێوەیەک رازی نین و قبووڵیشی ناکەین ھەرێمی کوردستانی عێراق شوێنێک بێت بۆ دروستکردنی ئاژاوە بۆ ئەو وڵاتانە، زۆر جار ھەوڵمان لەگەڵ پەکەکە داوە کە ناکرێت خاکی کوردستان بەکاربھێنن و لێرەوە بچن لە تورکیا کردەوەی سەربازی بکەن و بگەڕێنەوە بۆ کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا لەبارەی ئەو پێشێلکاریانەی دژی خۆپیشاندەران و رۆژنامەنووسان لە خۆپیشاندانەکان دەکرێت بەتایبەت لە ھەولێر و دھۆک گوتی: "دژی ئەوەین خەڵک بگیرێت و ئەزیەت بدرێن، ئێمە لە پاڵ ئەوەشدا دروستکردنی ئاژاوە قبووڵ ناکەین، مومکین نییە قبووڵ بکەین حزبە سیاسییەکان لە کوردستان ھەوڵبدەن ئیستیغلالی مامۆستایان و کەرتی تەندروستی بکەن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ئەگەر وەکو حزب دەیانەوێت خۆپیشاندان بکەن فەرموو با مۆڵەت بکەن، بەڵام ئەگەر ئیستیغلالی بکەن ئەوە قبووڵی ناکەین".
ھەر لەسەر ئەو پرسە گوتیشی: "ئەگەر بە سروشتی بێت و وەکو خۆی بڕوات ئەوا ئێمەش وا مامەڵە دەکەین، بەڵام ئەگەر چەقۆیان بەدەستەوە بێت یاخود دەمانچەیان بەدەستەوە بێت ئێمە لەبەرامبەردا ھەمان رەفتارییان لەگەڵدا دەکەین".
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن راشیگەیاند "لەگەل بەغدا بنچینەیەکمان ھەیە بۆ پەیوەندیی، ئەویش دەستووری عێراقە، راستە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان دواکەوت و ناردنی پارەش دواکەوت، بەڵام دەستپێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانیین ھەموو کێشەکانی دیکەش لەگەڵ بەغدا بەدیالۆگ لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکەین، دەبێت ئەو پڕنسیپە لە عێراق جێگیر ببێت کە کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور چارەسەر بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی ھاوکات ئاماژەی کرد بۆ پرسی دیکەش کە پەیوەستە بە بوودجەوە گوتی: "لە بوودجەی عێراقدا ستەمێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان کراوە، ئەو بڕە پارەیەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردوویەتی بە پێی بوودجە نییە، ئەوەیە یەک لەسەر دوانزە وەرگیراوە کە بە پێی یاسای بوودجە کە دەسەڵات دەداتە سەرۆکوەزیران خەرجی بکات. لە بوودجەی عێراق غەدرێکی زۆر لە ھەرێمی کوردستان و کورد کراوە و دەبێت چاوخشاندنەوەی بۆ بکرێت و ھەقی کوردستان بدرێتەوە".
سەبارەت بە ئاوارەکانی عێراقیش لە ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئەوان میوانن و ھەروەھا ئێرە ماڵی خۆشیانە و ئەگەر حکوومەتی ھەرێم لە توانای بایە زیاتریان بۆ بکات دەیکرد" و ئومێدیشی خواست خەڵک بەزووترین کات بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان لە پاش بەرقەراریی ئاسایش و باشکردنی ژیانی خەڵک.
news_share_descriptionsubscription_contact

