Zana Natık Kerem
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە هاوسەنگیی، نێوەندگیری و پتەوتركردنی هاوكاریییەكان بە تایبەتیش لە پەیوەندییە ئابوورییەكاندا بۆ ئەوەی بەرژەوەندی عێراق دەستەبەر بكات، ئەو پرسانەن كە لە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ وڵاتان هەوڵی بۆ دەدەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد.
نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی رایگەیاندووە، دوور خستنەوەی عێراق لە سیاسەتی میحوەركان لە كارنامەی حكوومەتی ئێستادا پەیڕەو دەكرێت، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندی گەلی عێراقدایە.
بەپێی راگەیەندراوەكە هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا، مستەفا كازمی تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە هاوسەنگیی، نێوەندگیری و پتەوتركردنی هاوكاریییەكان بە تایبەتیش لە پەیوەندییە ئابوورییەكاندا بۆ ئەوەی بەرژەوەندی عێراق دەستەبەر بكات، ئەو پرسانەن كە لە پەیوەندییەكانیاندا لەگەڵ وڵاتان هەوڵی بۆ دەدەن.
گوتیشی: "پێویستە وەزیرانی عێراق دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە میسر و ئوردن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی نێوان هەرسێ وڵات پتەوتر بكرێت".
راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیران ئاماژەی بەوەیش داوە كە مستەفا كازمی گوتوویەتی: "وەك حكوومەت بەرەوڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووینەتەوە، بەڵام دەبێت بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵبین، دەرفەتی باشمان لە بەردەم دایە بۆ ئەوەی وڵات بەرەو رێگەی راست بەرین".