Rewa Mahmood Hasan
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2020
سلێمانی-AA
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دیوانی پارێزگا بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەدین و بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێشوازی کرد لە نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە عێراق، ئەدهەم هیشام.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پشتیوانییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرا.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای سلێمانی لە دیدارەکەدا، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و حکوومەتی خۆجێی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی کرد کە بە باشتر و شیاوترین شێوە کاریان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کردووە و ئامادەیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ هەموو هاوکاریی و هەماهەنگییەک دەربڕی و سوپاسی ئامادەیی و گیانی خۆبەخشیی حکوومەتی خۆجێی سلێمانی و خۆبەخشەکانی بەشداربوو لە هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرد کە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە هەماهەنگیی حکوومەتی خۆجێی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانی دەستی پێ کردووە.
پارێزگاری سلێمانی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگییە بەردەوامەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد.
دوای دیدارەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش رێکخرا.