Rewa Mahmood Hasan
17 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2020
سلێمانی-AA
پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر سەردانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی کرد.
بەپێی زانیاریەکان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەسەر هەماهەنگیی نێوان لایەنە بەشدارەکان له حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیکردنی حکوومەت و حکوومەتە خۆجێییەکان، بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، پشتیوانیکردنی کەرتی تەندروستیی، مووچەی مووچەخۆران، رێکخستنەوەی دەروازە نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانە و مەرزەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی.
لەسەر ئەو سەردانە نووسینگەی پارێزگاری سلێمانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک راسپێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی لەبارەی رێکەوتننامەی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکوومەتیی خۆجێیی سلێمانی، بەدید و تێگەیشتنێکی تەبایانە و هاوبەشانە، گفتوگۆیان کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لەئێستادا رێککەوتنی نێوان هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگای سلێمانی کۆتایی هاتووە کە دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەسەری رێکەوتبوون، پێشتریش لەسەر پشکی یەکێتی بۆ دوو ساڵ، ئاسۆ فەرەیدوون ئەو پۆستەی بەڕێوەدەبرد و ئەوە بۆ دوو ساڵ زیاتریشە هەڤاڵ ئەبوبەکر لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان پارێزگاری سلێمانی ئەو پۆستە بەڕێودەبات وادەکەی تەواوکردووە.
لە ئێستادا دەنگۆی ئاڵوگۆری ئەو پۆستە لەئارادایە لەنێوان یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کە بە هاوبەشی پۆستەکانی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەدەبەن.