Sümeyye Dilara Çelik,Muhammed Ali Kamal
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
ئه‌نقه‌ره - AA
پسپۆڕه ئه‌مریكییه‌كان هۆشداریی ئه‌وه‌یان دا كه ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نه‌خۆشیی قه‌ڵه‌وییان هه‌یه، زۆر مه‌ترسیدارتره.
پرۆفیسۆر، باری پۆپكین له به‌شی شێوازی خۆراك خواردن له كۆلێژی گیڵینگز بۆ ته‌ندروستی گشتیی جیهانیی سه‌ربه زانكۆی كارۆڵاینای باكوور، سه‌رپه‌رشتیی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی كردووه كه تێیدا ده‌ركه‌وتووه، قه‌ڵه‌ویی رێژه‌ی مردن به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ٤٨ زیاد ده‌كات.
ورده‌كارییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌كه له گۆڤاری "Obesity Reviews"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
باری پۆپكین باسی له‌وه‌كردووه، رێژه‌ی ئه‌و كه‌سه قه‌ڵه‌وانه‌ی له نه‌خۆشخانه چاره‌سه‌ری پزیشكیی وه‌رده‌گرن له‌سه‌دا ١١٣ و ئه‌وانه‌شی بۆ چاودێریی چڕ ده‌گوازرێنه‌وه له‌سه‌دا ٧٤ زیادیكردووه و رایگه‌یاندووه "تووشی سه‌رسووڕمان بووم له‌و ژماره زۆره‌ی كه‌سه قه‌ڵه‌وه‌كان كه له چاودێریی چڕن و ئه‌و رێژه به‌رزه‌ی گیان له‌ده‌ستدان له‌نێویاندا".
له لێكۆڵینه‌وه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه قه‌ڵه‌ویی ده‌بێته هۆی ژماره‌یه‌ك گۆڕانكاریی له زیندهچالاكییهكاندا كه شه‌ڕكردنی جه‌سته له‌به‌رامبه‌ر هه‌وكردنه‌كان قورس ده‌كات.
پۆپكین نیگه‌رانیی خۆی نیشانداوه له‌وه‌ی كه پێكوته‌ی كۆرۆنا، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه له پێكوته‌ی سارس و ئهنفلۆنزاكانهوه هه‌یانه، سوودی كه‌متری بۆ كه‌سانی قه‌ڵه‌و ده‌بێت.