Rewa Mahmood Hasan
26 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 27 ئاب 2020
سلێمانی-AA
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین رایگەیاند کە جارێکی تر ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان زیادیان کردووە، بەڵام زیاتر لە قەزا و ناحیەکانەوە هاتوون و لەناو سەنتەری شاری سڵیمانی دۆخەکە هێورترە.
ئەمڕۆ هەریەک لە پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی پێشوازییان کرد لە نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و کۆبوونەوە.
لەدوای کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی جارێکی تر لە هەڵکشانداندایە، بەڵام ئەم جارەیان زۆربەی تووشبووەکان لە قەزا و ناحیەکانەوە هێنراون و لەناو شاری سلێمانی دۆخەکە تیایدا هێورترە لە جاران و گوتی:
''ئێستا نەخۆشخانەکانی سلێمانی ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی تێدایە و بەشێکیان لە قەزا و ناحیەکانەوە هاتوون، دەبێت هەوڵ بدرێت کە هاووڵاتییان پابەندی تەواو نیشان بدەن تاوەکو ژمارەکە هەڵکشانێکی تر بەخۆیەوە نەبینێتەوە بەجۆرێک بێت کە سەرلەنوێ نەخۆشخانەکان پڕ ببنەوە''.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین سەبارەت بە هاریکاریەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی: ''رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەشێکە لە دروستکردنی بڕیارەکانی ئێمە، هەمیشە ئەوان بەشدار دەکەین لە کۆبوونەوەکانماندا و راوێژیان پێ دەکەین، WHOیش بەچاوێکی جیا سەیری سلێمانی دەکات، زۆر لە کارەکانی ئێمە رازین، بۆیە زۆر جار کار و چالاکییەکانیان لە سلێمانی-یەوە دەست پێ دەکات پاشان دەچنە پارێزگاکانی تر".
سەباح نەسرەددین سەبارەت بە ئەگەری هەڵکشانێکی تری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە وەرزی پاییزدا، هۆشداری ئەوەی دا کە شەپۆلەکە هاتووە و ژمارەی توشبووان لە هەڵکشاندایە، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی شار واتە قەزا و ناحیەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی-یەوە دەهێنرێن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح نەسرەددین لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا گوتی: ''ئێمە نازانین بارودۆخی تەندروستی چی لێ دێت، ئەگەر ڤاکسینەکە هات و شەپۆلەکە ئاسایی بوویەوە، ئەوا دەکرێت دەرگای خوێندنگەکان بکرێنەوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەرەو خراپی بڕوات ئەوا بێگومان ناکرێنەوە".
سەباح نەسرەددین هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بە هاوکاری WHO پلانێکیان هەیە بۆ وەرزی پاییز کە خۆی لە کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنادا دەبینێتەوە لە شاری سلێمانی.