Rewa Mahmood Hasan
07 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2020
سلێمانی-AA
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی، سەباح هەورامی لە رۆژی یەکەمی مانگی هۆشیاریی شێرپەنجەی منداڵان لە بەردەرکی سەرای سلێمانی، رێوڕەسمێک رێکخرا.
مەراسیمەکە لەلایەن منداڵێکی چاکبوویەوە لە شێرپەنجە کرایەوە و لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی مناڵپارێزی کوردستان رێکخرابوو.
لە مەراسیمەکەدا تیشکی ئاڵتونیی کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت، لە تەلاری سەرای سلێمانی درا، وەک هێمایەکی جیهانیی بۆ شێرپەنجەی منداڵ.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، سەباح هەورامی سوپاسی پارێزگاری سلێمانی کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە کەرتی تەندروستی.
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە گوتەیەکدا ئەم ڕۆژەی بەرزنرخاند و سوپاسی رێکخەرو بەشداربووانی رێوڕەسمەکەی کرد و گیانی مرۆڤدۆستیی و دیدی جیهانبینی و ژیانویستی خەڵکی سلێمانی خستەڕوو.