Zana Natık Kerem
11 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
كوێت ــ AA
هەریەك لە كوێت، بەریتانیا و ئەمریكا داوایان لە لایەنەكانی پەیوەست بە قەیرانی كەنداو كرد كە بە گفتوگۆ رێگەچارەیەكی خێرا بۆ قەیرانەکە و كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكە بدۆزنەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەو سێ وڵاتە لە دوای كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی كوێت، سەباح خالید حەمەد سەباح و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، مارك سادوێڵ هات كە دوێنێ لە كۆشكی بەیان لە كوێت بەرێوەچوو.
ئاژانسی هەواڵیی KUNA بڵاوی كردەوە كە لەو كۆبوونەوەیەكدا، وەزیرانی دەرەوەی كوێت و ئەمریكا لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا، نیگەرانی خۆیان لەبارەی بەردەوامی قەیرانی كەنداو نیشان داوە و داوایان لە لایەنەكانی پەیوەست بە قەیرانەكە كردووە كە بە گفتوگۆ رێگە چارەیەكی خێرا بۆ قەیرانەكە و هێۆركردنەوەی رەوشەكە بدۆزنەوە.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشدا كە لە كۆبوونەوەكەدا، رێكس تیلەرسن و مارك سادوێڵ دووبارە پشتیوانی ئەمریكا و بەریتانیایان بۆ هەوڵەكانی میری كوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح دووپات كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی كەنداو خستوویەتیە گەر.
دوێنێ دووشەممە، بە مەبەستی تاوتوێكردنی دواین پێشهاتەكانی قەیرانی كەنداو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن گەشتێكی بۆ كەنداو دەستپێكرد كە كوێت، قەتەر و سعوودیە دەگرێتەوە.