Hemin Hüseyin
11 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2017
هەولێر-AA
لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی شاری مووسڵ و هاتنی وەرزی گەرما، ئاوارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانن لە نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاری و نەبوونی ئاسایش لە شارەکەیان بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و سەرپەرشتیاری کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات لە کۆی پێنج کەمپ، کارەبا بۆ سێ کەمپ دابینکراوە و بە گوتەی خۆیان لە هەوڵی ئەوەدان کە کارەبا بۆ دوو کەمپەکەی دیکەش دابین بکەن.
سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی، رزگار عوبێد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا پڕۆسەی ئازادکردنی مووسڵ تەواو بووە و ئێمە پێشبینیمان دەکرد خەڵکێکی زۆر بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانییان بەڵام وەک دەبینین خەڵک پێی باشە لەناو کەمپەکاندا بمنێننەوە و کەمتر دەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
سەبارەت بە هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش، رزگار عوبێد گوتی: "دوو هۆکار هەیە کە وا دەکات خەڵک کەمتر بگەڕێنەوە ئەویش رووخانی بەشێکی زۆر لە خانووەکان و باڵەخانەکانی ناو شاری مووسڵە بە هۆی شەڕو پێکدادانەکان، هاوکات نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایش هۆکارێکی دیکەیە و خەڵک لەوەش دەترسێت کە ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا لە گەیارە روویدا، لە مووسڵ رووبداتەوە و خەڵکێکی دیکەش ببنە قوربانی".
سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژەی بە ژمارەی ئاوارەی ناو کەمپەکان کرد و گوتی: "بە گشتی ژمارەی ئاوارەکان زیاتر لە ٧١ هەزار کەس دەبێت و رۆژانەش ٥٠ تا ٦٠ خێزان لە شاری مووسڵەوە روو لە کەمپەکان دەکەن. لە بەرامبەریشدا رۆژانە نزیکەی ١٠٠ خێزان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵام زۆرجاریش هەر ئەوانە بە هۆی نەبوونی ئاو و کارەبا دووبارە دەگەڕێنەوە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەبنەوە".
رزگار عوبێد گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر ئامێری فێنککەرەوەمان دابەشی سەر ئاوارەکان کرد و هەوڵێکی زۆرمانداوە کە کارەبا بۆ کەمپەکان دابین بکەین و خۆشبەختانە ئێستا لە کۆی ٥ کەمپ ٣ کەمپ کارەبای هەیە و بەردەوامین لە هەوڵی دابینکردنی کارەبا بۆ دوو کەمپەکەی دیکەش".
ئاوارەکانی ناو کەمپەکان بە گشتی لە بارودۆخێکی خراپی دەروونیدان بە هۆی خراپی بارودۆخی ناوچەکانی خۆیان و ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن ماڵەکانییان وێران بووە و ئەمن و ئاسایش نییە و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەباش نییە بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
هاووڵاتییەکی خەڵكی گەڕەکی زەنجلی بە ناوی نور یەحیا کە دانیشتووی کەمپی خازرە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماڵەکەمان لە بەری رۆژئاوای مووسڵە و لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانەکاندا خانووەکەمان رووخا و بەوهۆیەوە پیاوەکەم و دوو منداڵم کەوتنە ژێر خانووەکە و ئێستا خۆم و سێ منداڵم لێرەین کە یەکێکیان ئیفلیجە و لە بارودۆخێکی خراپداین چونکە بە هۆی خراپی باری داراییەوە ناتوانین بگەڕێینەوە".
یەکێکی دیکە بەناوی موسەننا جاسم حەنەش کە خەڵکی رۆژئاوای مووسڵە، نەبوونی ئاو و کارەبا بە هۆکارێکی سەرەکی دەزانێت بۆ نەگەڕانەوەیان و دەڵێت "من ماڵەکەم نەڕووخاوە و وەک خۆیەتی بەڵام بە هۆی نەبوونی ئەمن و ئاسایش و نەبوونی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان ناتوانم بگەڕێمەوە".
یەکێکی دیکە لەو هاووڵاتییانەی کە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکەیان بە سەردان گەڕاوەتەوە شوێنی خۆیان و بینیوویەتی کە خانووەکەی رووخاوە و ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە نەبوونی ئاسایش بووەتە هۆکاری مانەوەیان.
هاووڵاتی سامر ئەحمەد خەلەف کە خەڵکی گەڕەکی رەجم حەدیدە لە بەشی راستی مووسڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەڕەکەکەمان، من چوومەوە بۆ ئەوەێ، ماڵەکەمان تەواو وێران بووە، لێرەش ئەگەرچی بەدەست نەبوونی هەموو شتێکەوە دەناڵێین و هیچ کارمان نییە و هیچ شتێکمان بەدەست ناکەوێت تەنانەت یەک قالب بەفر بە ٣ هەزار دینارە بەڵام ئێمە کاتێک دەگەڕێینەوە سەر ماڵەکانمان کە ئەمن و ئاسایش بەرقەراربێت و بتوانین بەبێ ترس لەوێ بمێنینەوە".
لەگەڵ پەلاماردانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق، دەیان هەزار ھاووڵاتی سڤیل ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی عێراق بوون و لەو چوارچێوەیەشدا رێژەیەکی زۆر لە ئاوارەکان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بە جۆرێک تەنها لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر ١٨٠ هەزار کەس بە شێوەیەکی کاتی جێگیرکران و لە ئێستادا ئەو رێژەیەش دابەزیووە.
کەمپی خازر بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای شاری ھەولێر و شەش ھەزار شوێنی حەوانەوەی کاتی تێدایە و لە ئێستادا ژمارەیەک خێزانی ئاوارە بە شێوەیەکی کاتی تیایدا نیشتەجێکراون.