هەولێر
دوای هێرشەكانی ئەم دوایانەی چەكدارانی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش بۆ سەر هەندێك ناوچەی هەرێمی كوردستان، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بڕیاریدا پێشمەرگەكانی خۆی رەوانەی بەرەكانی شەڕ بكات.
محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، رایگەیاند: "حزبەكەی بڕیاریداوە، پێشمەرگەكانیان بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان رەوانەی بەرەكانی شەڕ بكات."
قادری جەختی لەوە كردەوە، ئەوان پێشمەرگەكانی خۆیان ناردۆتە ئەو ناوچانەی كە پێكدادانی لێیە و گوتی: "هەر ئێستا پێشمەرگەكانمان لە پاڵ پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان بەرگری لە نیشتمانەكەیان دەكەن."
ئەو بەرپرسەی حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران، بڕیاری حزبەكەی بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەقەڵەم دا.
پێشتر حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا راگەیاندبوو: "پشتیوانیی خۆی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پارێزگاریكردن لە كوردو لە خاكی كوردستان دەردەبڕێ و ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە یارمەتییەك بەپێی توانا."
هەروەها چەند رۆژ پێش گوتەبێژی فەرمیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حەسەن شەرەفی رایگەیاندبوو "بەهەمووو شێوەیەك ئامادەین هاوكاری پێشمەرگەی كوردستان بكەن لە روبەڕوو بوونەوەی ریكخراوی تیرۆیستی داعش و لە ئێستادا چاوەروانی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستانین."
شەرەفی راشیگەیاندبوو، هەركاتێك حكومەت هەرێم داوایان لێبكات ئامادەن بۆ رۆیشتن بەرەو پێشەوەی سەنگەرەكانی پاراستنی كوردستان شانبەشانی سەرجەم هێزە كوردستانییەكانی دیكە بەرگری لەكوردستان بكەن."