ئەنقەرە
داودئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی کەناڵی ئێن تیڤی تورکیدا، وەڵامی پرسیارەکانی تایبەت بە رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکەی دایەوە.
داودئۆغڵو سەرەتا باسی لەو دەنگۆیانە کرد کە ئاماژە بەوە دەکەن تورکیا بە شێوەیەکی کەم سەیری یەزیدییەکان دەکا و لە خۆیانی بەدوور دەگرێ، لەوبارەیەوە ئاشکرای کرد کە تورکیا تەواو پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانە کار دەکا.
راشیگەیاند کە ئەو یەزیدییانەی لە رێی ئاساییەوە توانیویانە، ئەوە هاتوونەتە تورکیا و هەندێکی دیکەیان لە رێی کەسوکاریانەوە هاتوونەتە تورکیا.
روونیشی کردەوە کە لەگەڵ پارێزگاری شرناخیشدا هەموو رێوشوێنێکی پێویستیان گرتووەتە بەر.
لە بەشێکی گوتەکانیدا داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای ئەزموونی سوریاوە. هەوڵدەدەن لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی هەیە، کەمپی تایبەت دروست بکەن، تا ئەو ئاوارانە پەنا نەبەنە شوێنێکی دووری ناوچەکانی خۆیان.
لەبارەی پرسیارێکەوە کە ئایە شەڕکردنی یەپەگە و پێشمەرگە و ئیدارەی بەغدا لە بەرامبەر داعشدا پێکەوە، نابێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە داهاتوودا، داودئۆغڵو گوتی: "دۆخێکی زۆر ناهەموار هەیە، هاوپەیمانییەکان زۆر بە خێرایی دەگۆڕێ، پەیەدە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوریا ناکۆکییان هەبوو، بەڵام کە مەترسییەکی زۆر گەورەتر هاتە ئاراوە، ئەوە هاوپەیمانێتی نوێ دەشێ دروست بێ."
گوتیشی: "ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ ئەوەیە کە هەریەک لە دەوڵەتەکانی عێراق و سوریا لە هزری دەوڵەتیی وابەستە بە مەزهەبێک و کوتلەیەک و یەک گروپی ئەتنیکییەوە دەبێ دەرچێ، سەیری پێکهاتەی داعش بکە. کورد و سونە عەرەب و تورکمان بە رێژەیەکی زۆر و چەندین کوتلەی دیکە هەن لەناویاندا کە گروپی رادیکاڵین، راستە وەک گروپێکی تیرۆریستی دەبینرێن، بەڵام کۆکراوەی توڕەیی و وەدەرنان و لە شێوەی بەرەیەکدا کاردانەوە دەنوێنن، ئەگەر لە کاتی خۆیدا عێراق گوێێ لە ئێمە بگرتایە وەک وڵاتێکی دۆست و برا، ئەگەر ئەو کاتە برا عەرەبە سونەکانمان وەدەرنەنرانایە. ئەوا ئەمڕۆ رووداوەکانی موسڵ و ئەنبار روویان نەدەدا، لەناو دەماری سونەی عەرەبدا رق و کینە کۆنەدەبووەوە."
داودئۆغڵو باسی لەو رەنخنانەش کرد کە لە تورکیا دەگیرێ و بە پشتگیریکردنی داعش تۆمەتبار دەکرێ و گوتی: "ئەوانەی تورکیا بە پشتگریکردنی داعش تۆمەتبار دەکەن کوێر و بێویژدانن. ئەگەر ئەمە یەکێک لەناو تورکیادا بیڵێ ئەوا ناپاکە، گەورەترین ناپاکی بەرامبەر بە تورکیا بکرێ ئەوەیە ناوی تورکیا لەگەڵ ئەو گروپ و ئەم گروپا بێنی."