Azat Muhammet
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2017
دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ رایگەیاند "پەکەکە و حەشدى شەعبى بە هاوبەشى لە بە تاڵانبردنى ماڵ و حاڵى هاووڵاتییانى سنوورى شنگال، خانەسۆر و تەلەعفەر تێوەگڵاون و بازرگانى نایاسایی لە نێوان عێراق و سووریا وەک سەرچاوەیەکى باشى دارایی بۆ خۆیان بەکاردەهێنن، ئەمەیش وەک پەردەپۆشکردنى هاوکارییەکانى حکوومەتى عێراق سوودییان لێ بینیوە".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانى حەشدى شەعبى رۆژ لە دواى رۆژ هێزی خۆیان لە سنوورى شارۆچکەى شنگال زیاتر دەکەن، ئامانجیان لەو هێز زیاتر کردنە داگیرکردنى شنگال و دروستکردنى هیلالێکى شیعییە کە ئەمەیش ئێران چەندین ساڵە خەباتى بۆ دەکات. ئێمەیش وەک کوردانى ئیزدى، فەرماندەیی شنگال و هێزى پێشمەرگە تەواوى خاکى شنگال بە بەشێکى دانەبڕاوى خاکى هەرێمی کوردستانى دەزانین و رێگە نادەین هیچ هێز و گرووپێک چاو ببڕتە خاکى شنگال و دەستى بۆ درێژ بکات".
شەشۆ گوتیشى: "دەبێت حەشدى شەعبى رێز لە قوربانیدانى پێشمەرگە بۆ شنگال و ئەو کارەساتەى بەسەر شنگالدا هات بگرێت، رەوا نییە جارێکى بە هۆى ململانێی سیاسى و تایفیی شنگال ببێتە قوربانى و خوێن لە جەستەى بچۆڕێتەوە، ئیرادەى گەلى شنگال بە ئیزدى و موسوڵمانیشەوە ئەوەیە حەشدى شەعبى و پەکەکە لە شنگال نەمێنێت و تاوەکو دۆخەکە ئاسایی بێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدى خۆیان هەروەها رێکخراوەکان بتوانن شارۆچکە وێران بووەکە جارێکى دیکە ئاوەدان بکەنەوە".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال باس لە تێوەگڵانى چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى دەکات لە بە تاڵانبردنى سەروەت و سامانى هاووڵاتییان و دەڵێت "ئەو گرووپە نادەستوورییانەى سنوورى شارۆچکەى شنگال بە میلیشیاکانى حەشدى شەعبیشەوە کەلوپەل و سەروەت و سامانە بەجێماوەکانى هاووڵاتییانى سنوورى شارۆچکەى شنگال، خانەسۆر و تەلەعفەریان بۆخۆیان کردووەتە سەرچاوەى دارایی و هاوشێوەى تیرۆریستانى داعش بەسەر خۆیاندا دابەشیان کردووە".
دەشڵێت "پەکەکە و حەشدى شەعبى بەردەوامن لە بازرگانیکردنى نایاسایی و بە قاچاغبردنى کەلوپەلى هاووڵاتییانى سنوورەکە، لەو ناوچە سنوورییانەى لەژێر دەسەڵاتى پەکەکە لە سنوورى عێراق و سووریا، چەکدارانى پەکەکە و حەشدى شەعبى هەموو جۆرە کەلوپەلێکى قەدەەغەکراو لە سووریاوە هاوردەى عێراق و سنوورى شنگال دەکەن و، دەرخواردى هاووڵاتییانى دەدەن و وەک خزمەتێک بە خەڵکى ناوچەکە دەفرۆشنەوە".
فەرماندەى فەرماندەیی شنگال، قاسم شەشۆ لەبارەى کاتى دەرکردنى پەکەکە و حەشدى شەعبى لە شنگال دەڵێت "ئێمە سەربازین و فەرمانى سەرکردایەتى سیاسى سەرووى خۆمان جێبەجێ دەکەین، هەر کاتێک فەرمانى دەرکردنیان دەربکرێت تەواوى خاکى شنگال لە سەرجەم هێزە نادەستوورییەکانى وەک پەکەکە، یەپەگە و لقەکانى دیکە بە حەشدى شەعبیشەوە پاکدەکەینەوە، بەڵام باشتر وایە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە".