Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٦ حزب و لایەنی سیاسی بەشدار لە لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی کۆبوونەوە و پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، عەبدولڕەحمان مستەفا-یان وەک سەرۆکی لیستەکەیان دەستنیشانکرد.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا بەرپرسی ژووری ھەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، زمناکۆ جەلال رایگەیاند کە ژمارەی ئەندامانی لیستەکە ١٦ حزب و لایەنی سیاسییە و ژمارەیەک حزب و لایەنی تری تورکمانی و عەرەبی و ئێزدی بڕیاریانداوە پەیوەندی بە لیستەکەوە بکەن.

ئەو گوتی: "بەکۆی دەنگ عەبدولڕەحمان مستەفا بە سەرۆکی لیستەکە دانرا، ھەروەھا بڕیاردرا سکرتاریەتێک بۆ سەرپەرشتی ھاوپەیمانێتییەکە دروست بکرێت و لە ئەمڕۆوە بۆ راپەڕاندنی کاروباری ھاوپەیمانێتی دەست بەکاردەبێت، دروشمی ھاوپەیمانێتییەکەش درووشمێک دەبێت لە چوارچێوەی پێکەوە ژیان و جێبەجێکردنی دەستووری عێراق دەبێت، ھەروەھا لۆگۆکەشی رەنگدانەوەی پێکەوە ژیان و جێبەجێکردنی دەستوور دەبێت لەو ناوچانە".
کۆبوونەوەکە داواشی لە لیستە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق کردووە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو تانانەی لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گیراوە.
بەرپرسەکەی گۆڕان بەناوی سەرۆک و لایەنە بەشدارەکانی لیستە ھاوبەشەکەوە داوای لە سەرجەم دەنگدەرانی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان کرد کە سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن بۆ تازەکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری و بێبەش نەبوون لە پڕۆسەی دەنگدان تاوەکو زۆرترین کورسی لەو ناوچانە ببەنەوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی لیستەکە، عەبدولڕەحمان مستەفا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەوەی لایەنە سیاسییە کوردییەکان بەکۆی دەنگ ئەویان راسپاردووە بۆ سەرۆکایەتیکردنی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی و ئەوەیشی بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ناوبرد.
مستەفا عەبدولڕەحمان گوتی: "دلخۆشم بەم یەکڕیزییە و بەمشێوەیە دەتوانین دەستکەوتی گەورە بەدەست بھێنین لە مێژوودا، بەردەوام بە ململانێ و ناخۆشی شتی زۆرمان لەدەستداوە، ھەرکاتیش یەکڕیز بووبین شتی زۆر باشمان بەدەستھێناوە، ئەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆش کە بانگھێشتکرام تیایدا قسەی خۆم کردووە و ھیواش دەخوازم ھەموو دەنگدەرانی کورد دەنگ بە لیستەکە بدەن و لیستەکەمان سەرکەوتوو بێت".
رۆژی شەممەی رابردوو لە شاری ھەولێر لایەنە سیاسییە کوردییەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک جگە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بەشداری لیستەکەیان نەکردووە، کۆبوونەوە و بڕیاریاندا پێکەوە بەیەک لیست بەشداری ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (بڕیارە مانگی نیسانی داھاتوو بەڕێوەبچێت) لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بکەن.