Zana Natık Kerem
05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2018
بەغدا ــ AA
دوای ئەوەی درەنگانی شەوی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە گرژیی و ئاڵۆزی روویدابوو، بەو ھۆیەوە پێنج خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەپەلە گەیشتە شارەکە.
لە میانی سەردانەکەیدا، حەیدەر عەبادی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پشکی پارێزگای بەسرە و پارێزگار، ئەسعەد عیدانی ساز کرد.
کۆبوونەوەکەش لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانە سازکرا کە حکوومەتی عێراق بە ئامانجی دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کێشە و گرفتەکانی ئەو شارە خستووەتەگەڕ.
لە راگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە گفتوگۆکانی نێو کۆبوونەوە بۆ رەوشی خزمەتگوزارییەکان لە شاری بەسرە و دوایین پێشھاتەکان کە بەم دواییانە شارەکە بە خۆوە بینیوە، تەرخان کرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، حەیدەر عەبادی رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی وەزیران سوورە لەسەر ئەوەی قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە شاری بەسرە چارەسەر بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە میانی چەند ھەفتەی رابردوودا، چەند بڕیارێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی شارەکە دەرکردبوو.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی گوتووە "ئەنجوومەنی وەزیران ھەڵسەنگاندنی ئەو بڕیارانەی کە لە میانی کۆبوونەوە و دیدارەکانی رابردوو تایبەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بەسرە دەرکرابوون، کردووە ".
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران عێراقدا ئەوەش ھاتووە کە حەیدەر عەبادی باسی لەوەشکردووە، ئەنجوومەنی وەزیران لە میانی کۆبوونەوەکانی رابردوودا، داوای لە بەرپرسان کردووە بڕیارەکانی تایبەت بە چارەسەرکرنی کێشە و گرفتەگان شاری بەسرە جێبەجێ بکەن.
راشیگەیەندراوە کە حەیدەر عەبادی لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە داوایان کردووە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تایبەت بە پاڵاوتنی ئاو، نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی دابەشکردنی ئاو جێبەجێ بکرێن، ھەروەھا داواشیان کردووە تانکەر بۆ گواستنەوەی ئاوی خواردنەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای بەسرە دابین بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، حەیدەر عەبادی روونیکردووەتەوە کە بە شێوەیەکی ورد پێداچوونەوەیان بۆ رەوشی ئەمنی لە شاری بەسرە کردووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە گرنگە رەوشەکە ھێور بکرێتەوە و لێکۆڵینەوەش لەوە بکرێت کە لە شارەکەدا روویداوە، ھەروەھا ھێرشکردنە سەر ماڵ و موڵکی گشتییان رەتکردووەتەوە.
دەرنگانی شەوی رابردوو، خۆپیشاندان لە ناوەڕاستی شاری بەسرە دەستیپێکردبوو کە لە میانیدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا و بە ھۆیەوە پێنج خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکان برینداربوون.