Sarmand Hameed
30 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2018
بەغدا - AA
کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی دەستوور ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت، دوای ئەوەی لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەیدا شکستی هێنا کە هەولێدا لە رێگەی هەمواری لە یاسای هەڵبژاردنەکانەوە ریگەی بەمانەوەی بدات بۆ چاودێرێکردنی کارەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی بەدەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.
پسپۆڕی یاسایی، تارق حەرب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ ٣٠ حوزەیران بەپێی یاسا و دەستوور کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی دێت، بەمەش بۆشایی پەرلەمانی دروست دەبێت تاوەکو پەرلەمانی نوێ یەکەمین دانیشتنی خۆی ئەنجام دەدات".
تارق حەرب گوتیشی: "دەستوور تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە چوار ساڵی دیاریکردووە، هیچ پاڵپشتێکی یاسایی نییە رێگە بە یەک رۆژ زیاتر مانەوەی بدات لەم تەمەنەی کە دەستوور دیاریکردووە".
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شکستی هێنا لە دانیشتنی تایبەت بە هەمواری یاسای هەڵبژارنەکان بەجۆرێک رێگە بە مانەوەی بدات بۆ بەردەوامبوونی کارەکانی لە چاودێرێکردنی کارەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی بەدەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو.
بەپێی ماددەی ٥٦ لە دەستووری عێراق، تەمەنی هەر خولێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چوار ساڵ دەبێت لە یەکەم دانیشتنیەوە و بە تەواوبوونی چوار ساڵ کارەکانی کۆتایی دێت.
رۆژی ٢١ی حوزەیران، دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاند بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ژماردن و جیاکردنەوەی بەدەستی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ١٢ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، بڕیارێکی دروستە.
ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نوێنەران لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەها سەرۆک و دوو جێگر بۆ ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێرن.
ئەنجوومەنی نوێنەران لە دوای یەکەمین دانیشتنی لەماوەی ٣٠ رۆژدا سەرکۆماری نوێ هەڵدەبژێرێت.
دواتر سەرکۆماری نوێی هەڵبژێردراو کاندیدی گەورەترین لیست یان هاوپەیمانی رادەسپێریت بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا و دواتر لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەران متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت دەدرێت.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٥٤ کورسی بەدەستھێناوە و دوای ئەو ھاوپەیمانی فەتح، بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ٤٧ کورسی مسۆگەرکردووە و ھاوپەیمانی نەسر، بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرکۆماری عێراق، نوری مالیکی ٢٦ کورسی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی وەتەنییە کە لە لایەن جێگری سەرکۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتی دەکرێت،٢١ کورسی و رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم بووەتە خاوەنی ١٩ کورسی.