Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2017
عێراق ــ AA
لە ئاكامی سێ پێشهاتی ئەمنی لە پاریزگاكانی ئەنبار، نەینەوا و كەركووك، چوار مەدەنی، دوو پۆلیسی فیدرال و چەكدارێكی حەشدی شەعبی كوژران.
ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، نەقیب ئەحمەد دلێمی رایگەیاند كە لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە باشووری شاری فەللوجە، چوار مەدەنی كوژران.
ئەحمەد دلێمی زیاتر بۆ ئاژانسی ئانادوڵو گوتی: "بۆمبێكی چێنراو كە پێشتر داعش لە ناوچەی نعێمییە باشووری فەللوجە چاندبووی، تەقییەوە و لە ئاكامدا چوار مەدەنی كوژران".
هاوكات لە شاری مووسڵ ئەفسەر لە پۆلیسی فیدرال، نەقیب حەیدەر عەبد سادە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە لە میانی هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لە ناوچەی شەهوان سەربە مووسڵی كۆن، شەڕ و پێكدادانێك لە نێوان هێزەكانیان و دوو تیرۆریستی داعش رووی دا.
بە گوتەی ئەفسەرەكە لە ئاكامی شەڕ و پێكدادانەكەدا دوو پۆلیسی فیدرال لەگەڵ دوو تیرۆریستییەكەی داعش كوژران.
لە لایەكی دیكەوە ئەفسەری پۆلیس، نەقیب حامد عوبێدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە دوێنێ هەینی چەكداری دیاری حەشدی شەعبی، ئەبو تەحسین ساڵحی كە بە قەناسبەدەستی حەشدی شەعبی ناسراوبوو لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی لەگەڵ داعش لە دورووبەری قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای كەركووك كوژرا.
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا، ئەو قەناسبەدەستەی حەشدی شەعبی لە میانی شەڕ و پێكدادانەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، ٢٠٠ تیرۆریستی داعشی كوشتبوو.
دوێنێ هەینی سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەویجە باشووری رۆژئاوای كەركووك راگەیاندبوو.