Zana Natık Kerem
09 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2019
کەرکووک ــ AA
پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی بە وەکالەت، راکان سەعید جبوری داوای لە حکوومەتی فیدرال کرد کە بەپەلە ھێزی زیاتر رەوانەی پارێزگاکە بکات، داواشی لە دانیشتوانی کەرکووک کردووە کە رەوشی پێکەوەژیان و ئاسایش و سەقامگیری شارەکە، بپارێزن.
ئەم داوایەی راکان سەعید جبوری دوای ئەوە دێت، دوێنێ سێشەممە لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە کە جارێکی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵای کوردستانی لەسەر سەرجەم بارەگاکانی خۆی لە شاری کەرکووک ھەڵکردووەتەوە کە ئەمەش بووە جێگەی خۆشحاڵی ھاووڵاتییانی کورد لە شارەکە.
ھەر لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ھەواڵیی ھەڵکردنەوەی ئاڵای کوردستان لەسەر سەرجەم بارەگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، ھاووڵاتییانی کورد لە شارەکە بۆ دەربڕینی خۆشی و شادی رژانە سەر شەقامەکان کە دواتر لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بڵاوەیان پێکرا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، راکان سەعید جبوری رایگەیاندووە "داوا لە دانیشتوانی کەرکووک بەسەرجەم پێکھاتەکانییەوە دەکەم کەوا بەدوای موزایدەی سیاسی نەکەون کە ھیچ گرنگی بە ئاسایش، خزمەت و سەقامگیری ئەوان نادات، چونکە ئەوەی کێشە لە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک دروست دەکات، موزایدەی سیاسییە".
پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت داواشی لەو بەرپرسانە کرد کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە، کۆتایی بەو جۆرە دیمەنانە بھێنن بە ئامانجی پاراستنی ئاسایش، راشیگەیاندووە ئەگەر ھەر شتێک لە داھاتوودا رووبدات، ئەوا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی کە ئەنجامی دەدەن.
راکان سەعید جبوری ئاماژەی بەوەشدا کە ھێزە ئەمنییەکانی راسپاردووە رەوشەکە ئاسایی بکەنەوە، جەختیشیکردووەتەوە کە ئەم جۆرە کارانە رەتدەکەنەوە، چونکە پێچەوانەی یاسا، دەستوور و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت ئەوەشی گوتووە: "ئەوەی روویداوە، ھانی تیرۆریستان دەدات کە رەوشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بەڵام ئێمە ھێزە ئەمنییەکانمان راسپاردووە کە رەوشەکە چارەسەر بکەن و پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک بکەن".
لە کۆتاییدا راکان سەعید جبوری رایگەیاندووە "داوا لە حکوومەتی فیدرال دەکەین ھێزی زیاتر لە سوپا رەوانەی کەرکووک بکات بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لەبەردەم ھەموو ئەو کەسانەی کە یاری بە ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک دەکەن، ھەروەھا رێگریش بکرێت لە تیرۆریستان بۆ ئەوەی رەوشەکە بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەقۆزنەوە و ئاسایش و سەقامگیری کەرکووک نەکەوێتە مەترسییەوە".