Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی – AA
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رەوەند مەلا مەحمود لە بارەی كاردانەوەكان بەرامبەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانیان و دوایین رەوشی شارەكەوە قسەی كرد.
رەوەند مەلا مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بڕیارەكەی ئێمە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانمان هیچ كاردانەوەیەكی لێنەكەوتووەتەوە و لەگەڵ هەموو نەتەوەكانی كەركووك قسەمان كردووە و گفتوگۆمان لەگەڵ كردوون كە ئەمە واقیعی شارەكەیە و مافی خۆمانە كە ئاڵای كوردستان هەڵبكەین لە كاتێكدا نیوەی دەنگەكانی كەركووك هی كوردە و ئەم ناوچانەش ناوچەی كێشە لەسەرن و بۆ كورد چۆنە بۆ عەرەب و توركمانیش بەو شێوەیە".
بەرپرسەكەی یەكێتی راشیگەیاند، "بۆ هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانمان هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستووری نییە كە رێگری ئەوەمان لێبكات".
رەوەند مەلا مەحمود هەروەها گوتی: "بۆ ئەو مەبەستە پێویستمان بەوە نییە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی تەماسمان هەبێت، بەڵكو پێویستمان بەوەیە لەگەڵ ئەو هێزانەی كەركووك دەپارێزن پەیوەندیمان هەبێت".
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی گوت "دۆخی ئێستای كەركووك هیچ شتێكی خراپ نییە و دۆخەكە بەرەو باشتر دەڕوات و گفتوگۆ هەیە لە نێوان نەتەوەكانی شارەكە".
لە بارەی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و هەوڵەكانی ئەو حزبە بۆ دانانی پارێزگاری نوێ و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، رەوەند مەلا مەحمود گوتی: "بابەتی دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك ئاڵۆزییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردن لەم شارە نەكراوە و كەركووك لەژێر یاسای بریمەردایە، هەروەها بەشێك لە ئەندامانی ئەنجوومەن كە كوردن چوونەتە دەرەوەی كەركووك و لە دوورەوە كوردایەتی بە كەركووك دەفرۆشن و دێنەوە لێرە مووچە و دەرماڵەكانیان وەردەگرن، حزبێكی سیاسیش دەیەوێت ئەو بابەتە بكاتە دەستكەوتێكی سیاسی و ناهێڵێت پارێزگارێك بۆ كورد دابنرێت".
ئەو باسی لەوەش كرد، پێویستە یەكێتی بیر لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ نەتەوەكانی تر بكاتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی لە كەركووك لە بارەی گواستنەوەی هێزی سەربازی ئەمریكا بۆ سەربازگەی كەی وەن لە كەركووك و جێگیركردنی ئەو هێزانە، ئاماژەی كرد بەوەی ئەوان هیچ زانیارییەكیان لەسەر ئەو بابەتە نییە و ئەو هێزانە ئەگەر جوڵەیەك بكەن لەو ناوچەیە ئەوان زانیارییان لە بارەیانەوە نییە و تەنها لە دوورەوە جوڵەی ئەو هێزانە دەبینن.
ئەم گوتانەی بەرپرسەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای ئەو كاردانەوانە دێت كە بە هۆی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شەوی رابردووەوە لەسەر بارەگاكانی ئەو حزبە لە كەركووك هاتووەتە ئاراوە.