Zana Natık Kerem
25 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2018
بەغدا ــ AA
یاساناس و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی عێراق، تارق حەرەب رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کە پێکدادانە چەکدارییە خێڵەکییەکانی بەکردەی تیرۆریستی ناساندووە.
تارق حەرەب لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دادگاکان لە عێراق بە کرداری دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی کە پێکدادنە چەکدارییە خێڵەکییەکان بەکردەی تیرۆریستی ناساندووە، ھەروەھا بەپێی یاساکەش، سزای ئەو تاوانە، لەسێدارەدانە".
ئەو یاساناسە روونشیکردەوە، ھەر کەسێک پەنا بباتە بەر پێکدادانی خێڵەکی، ئەوا بە کردەی تیرۆریستی ھەژمار دەکرێت، ھەروەھا رێگەشی پێنادرێت لە داھاتوودا ھیچ وەزیفییەکی حکوومی بگرێتە دەست.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە یاساکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ھانی پێکدادانی خێڵەکی دەدەن یان دەستیان لە پێکدادانەکە ھەبێت، یان تیایدا بەشداری بکەن.
ناوە ناوە پێکدادانی چەکداری خێڵەکی لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی عێراق روودەدەن کە زۆرجار حکوومەت بەڕێگەی سوڵح کۆتایی پێیان ھێناوە.