Zana Natık Kerem
10 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، ژمارەیەك مەرجی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان خستەڕوو و رایگەیاند كە ھەر كەسێك بەو مەرجانە پابەند بێت ئەوە پاڵپشتی لێ دەكەن.
موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "یەكەم كەسبووم داوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانم دژبە گەندەڵی و گەندەڵكاران كردووە و لەگەڵ ئەوەشدا نییم خوێنی هیچ عێراقییەك برژێت و یان هێرش بكرێتە سەر میوانەكانمان لە عێراق".
سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە تویتەكەیدا، 12 مەرجی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان خستووەتەڕوو و نووسیوویەتی: "ھەر كەسێك پابەند بێت بەو مەرجانەی ئەوە پاڵپشتی لێ دەكەین و بە پێچەوانەوە هەر كەسێك سەرپێچی ئەو مەرجانەی بكات. ئەوە كەسێكی لە یاسادەرچووە، بۆیە داوا لە هەمووان دەكەم هاوكاربن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە دووبەرەكی بەبێ خوێن رشتن".
موقتەدا سەدر لەچوارچێوەی ئەو مەرجانەیدا كە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان خستوویەتەڕوو داوای كردووە كە هێرش نەكرێتە سەر ماڵ و موڵكی گشتیی و خۆپیشاندەرانی دیكە، هەروەها داواشی كردووە كە پارێزگاری لە شكۆمەندی هێزە ئەمنییەكان بكرێت و هێرش نەكرێتە سەر هێزە ئەمنییەكان تەنانەت بە دروشمیش بێت.
هەروەها موقتەدا سەدر داوای كردووە كە دەرگای قوتابخانە، زانكۆكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت دانەخرێن و نابێت رێگە بدرێت بۆنە ئاینییەكان بۆ مەرامی سیاسی یان هەڵبژاردن بقۆزرێنەوە هەروەك لە كەربەلا روویداوە، جگە لەوەیش داوای كردووە هەمووان پایەندبن بە بنەماكانی شەرعی، ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەكان و لەگەڵ پرد و رێگاكان دانەخرێن و و زیانیش بە سیستمی گشتیی نەگەیەندرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای كردووە كە هەڕەشە لە هیچ كەسێك نەكرێت تا بەشداری لە هەڵبژاردن بكات و دەبێت شوێن و كاتی خۆپیشاندانەكان دیاری بكرێت و هەروەها نابێت لە میانی خۆپیشاندانەكاندا هێرش بكرێتە سەر هیچ فەرمانبەرێك لەو كاتەی ئەركەكەی جێبەجێ دەكات و نابێت ئەجيندای دەرەكی تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكان بكرێت و داواشی كردووە كە خۆپیشاندەران داواكارییەكانیان دیاری بكەن و دەبێت ئەو داواكارییانەیش لە بەرژەوەندی عێراقدا بن نەك بەرژەوەندی كەسی.