Arbil
ھەولێر ــ AA
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، داوای لە ٧٥ وڵات و رێکخراو کراوە کە چاودێری ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکەن.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، داوامان لە ٧٥ باڵیۆزخانەی عەرەبی، بیانی و رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی کردووە کە چاودێری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن".
جومانە غەلای زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە نەخستووەتەڕوو.
چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە عێراق ئەنجام بدرێت.
لە مانگی ئاداری رابردوودا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەھۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو، تا ئێستا ٣٠ ھاوپەیمانیی کە لە ٢٥٠ پارت پێکھاتوون، تۆمارکراون بۆ ئەوەی بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەدا بکەن.
بەپێی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کە لە ماوەکانی رابردوودا بڵاوکراوەتەوە، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داھاتوو بەڕێوەبچێت.