Zana Natık Kerem
27 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2018
بەغدا ــ AA
ئەو سەردانە نھێنییەی کە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق ئەنجامی دابوو و بێ ئەوەی لە میاندا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدرال کۆببێتەوە، توڕەبوونی ژمارەیەک لایەنی سیاسی عێراقی لێکەوتەوە.
ژمارەیەک لایەنی سیاسی عێراق، وایان لەقەڵەمداوە کە سەردانە نھێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، پێشێلکردنی دابونەریتی دیپلۆماتی و سەرەوەریی عێراقە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە یاوەری مێلانیا ترەمپ-ی ھاوسەری لە شەوی کریسمسدا، بەسەردانێکی نھێنی گەیشتە عێراق و لە میاندا سەربازانی ئەمریکایان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بەسەرکردەوە و دواتر عێراقیان بەجێھێشت بێ ئەوەی ھیچ دیدار و کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ئەنجام بدەن.
لەبارەی سەردانە نھێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی فراکسیۆنی (چاکسازی و بنیاتنان) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەباح ساعدی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەک سەردانی عێراقی کردووە وەک ئەوە بێت عێراق ویلایەتێک بێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ھیچ رێزێکی لە سەروەری عێراق نەگرتووە".
سەباح ساعدی وای بە پێویست زانیوە ئەنجوومەنی نوێنەران دانشتنێکی بەپەلە بە ئامانجی تاوتوێکردنی ئەم پێشێلکردنەی سەروەری عێراق ساز بکات، ئەم ھەڵسوکەوتە ناڕەواییەی دۆناڵد ترەمپ رابگرێت کە پێویستە سنووری خۆی بزانێت، چونکە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە کۆتایی ھاتووە.
سەرۆکی فراکسیۆنی (چاکسازی و بنیاتنان) ئاماژەی بەوەشداوە، کێشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ھیچ بیانویەکی نییە تا ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە بۆ ئەوەی عێراق ببێت بە یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لای خۆیەوە ھاوپەیمانی "بینا" کە ھادی عامری نزیک لە ئێران بەڕێوەی دەبات رایگەیاندووە "سەردانە نھێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق، پێشێلکارییەکی روونی دابونەرێتی دیپلۆماتییە کە ئەمەش بە ھەموو شێوەیەک کارێکی رەتکراوەیە".
لە راگەیەندراوێکدا، ھاوپەیمانی "بینا" ئاماژەی بەوەداوە، ئەم سەردانەی دۆناڵد ترەمپ، زۆرێک لە نیشانەکانی پرسیار لەبارەی بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و ئامانجە راستەقینەکان داناوە، بەتایبەت ھیچ دوور نییە ئەو ئامانجانە ببێنە مایەی ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی عێراق.
ھاوپەیمانی "بینا" داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ئەم سەردانە رەت بکاتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانشی لێ ئاگادار بکاتەوە و بە زووترین کات باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداش بانگھێشت بکات.
ھەروەھا ھاوپەیمانی "بینا" داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە لەسەر سەروەری نیشتمانی یەکگرتووبن و سنوورێکیش دابنێن بۆ بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق.
لای خۆیەوە سەرکردەی عەسایبی ئەھلی حەق، قەیس خەزعەلی ھەڕەشەی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد.
لە تویتێکدا، قەیس خەزعەلی نووسیوویەتی "وەڵامی عێراقییەکان بۆ سەردانەکە، بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەرکردنی ھێزە سەربازییەکانت لە عێراق دەبێت، ئەگەر ھێزەکانت لە عێراق نەکێشنیتەوە، ئەوا ئێمە بە لێھاتوویی و توانای خۆمان دەریان دەکەین، ھەروەک چۆن ناچاربوون لە ساڵی ٢٠١١دا عێراق جێبھێڵن".
ھاوکات جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن کەعبی لە راگەیەندراوێکدا گوتوویەتی "بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی ھەوڵدەدەین دانیشتنێکی بەپلە ساز بکەین بە ئامانجی تاوتوێکردنی ژمارەیەک پرسی گرنگ بە تایبەتیش سەردانە نھێنییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ".
حەسەن کەعبی ئاماژەی بەوەداوە، سەردانە نھێنییەکەی دۆناڵد ترەمپ، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و باسی لەوەشکردووە کە سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، بەبێ ئاگاداری حکوومەتی عێراق ئەنجامدراوە.
پێشتر لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکرابوویەوە، ئاماژە بەوە کرابوو کە حکوومەت ئاگادارکرابووەوە لە پلانی سەردانەکە کە سەرۆکی ئەمریکا سەردانی عێراق دەکات و پیرۆزبایی لە حکوومەتی نوێ دەکات و پاشان سەردانی سەربازانی ئەمریکا دەکات و ھاتووە "چاوەڕوان دەکرا ترەمپ لە بەغدا لە رێوڕسمێکی فەرمیدا پێشوازی لێبکرێت و لەگەڵ سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەھدی کۆببێتەوە، بەڵام بۆچوونی جیاواز لەبارەی رێکخستنی کۆبوونەوەکە بووەھۆی ئەوەی ئەو دیدارە بە تەلەفۆن ئەنجام بدرێت".