19 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2018
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند کە ھێزەکانیان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری سووریا بۆردومان نەکراون و روونی کردەوە، ئەو ھێزەی کە بۆردومان کراوە سەربە حکوومەتی عێراق نیین.
ئەم روونکردنەوەی وەزارەتی بەرگری عێراق دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە حەشدی شەعبی رایگەیاندبوو چەکدارەکانیان لە نزیک شاری ئەلبو کەمال سنووری نێوان سووریا و عێراق لە لایەن فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکاوە بۆردومان کراون.
وەزارەتی بەرگری عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزە عێراقییەکان لەوانەش حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا بۆردومان نەکراون، بەڵکو ئەو ھێزەی کە بۆردومان کراوە لە نزیک سنووری عێراق جێگیرکرابوون، ھیچ پەیوەندییان بە ھێزە عێراقییەکانەوە نییە.
وەزارەتی بەرگری عێراق راشیگەیاندووە کە وڵاتەکەی ھەماھەنگی لەگەڵ ھیچ ھێزێک لەناو خاکی سووریادا نییە.
بە پێی روونکردنەوەکە، ھێزەکانی ھاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا، بە شێوەیەکی فەرمی رەتیکردووەتەوە کە ھیچ گورزێکی ئاسمانی یان مووشەکێکیان ئاراستەی ناوچە سنوورییەکان کردبێت.
پێشتر گەورە بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ئەو ھێرشە ئاسمانییەی کە کرابوویە سەر ناوچەیەکی نزیک ئەلبو کەمال لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.