Zana Natık Kerem
07 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 08 حوزەیران 2018
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق، عەبدولسەتار بەیرەقدار رایگەیاند کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سێیەم یاسای ھەموارکراوی بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی ٢٠١٨ کە لە بەرواری ٦/٦/٢٠١٨ دەرکراوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی دادوەریی باڵا کردووە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە بەرواری ١٠/٦/٢٠١٨ ئامادەبن بۆ ئەوەی ئەو دادوەرانە دیاری بکرێن کە کارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی ئەنجام دەدەن و سەرپەرشتی پڕۆسەی دووبارە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردن بە دەست دەکەن، ھەروەھا دیاریکردنی ئەو دادوەرانەی کە کاری نووسینگەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکان بەڕێوەدەبن.
عەبدولسەتار بەیرەقدار ئاماژەی بەوەشداوە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی، ھەروەھا بڕیاری داوە لیژنەیەک لە سەرۆکی داواکاری گشتی و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتی دادوەریی پێکبھێنرێت و دواتر سەردانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بکەن و بەپێی سێیەم یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان، رێوشوێنی پێویست بۆ پارێزگاریکرن لە سندوق و ئامێرەکانی دەنگدان تایبەت بە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگرنەبەر.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی باسی لەوەشکردووە کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بڕیاری ئەوەشی داوە کە لەگەڵ دەرکردنی یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان، کارەکانی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان تایبەت بە پێداچوونەوە بەو تانە و سکاڵایانەی کە لەسەر ئەنجامی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئامێری ئەلیکترۆنی رادەگیرێت تا ئەو کاتەی رێوشوێنەکان بۆ ژماردنەوە و جیاکردنەوەی دەنگەکان یەکلایی دەبێتەوە و دواتر تانە و سکاڵای نوێ لەو بارەیەوە پێشکەش دەکرێن.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.