Sarmand Hameed
07 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2018
بەغدا - AA
سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد عەلی زەینی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە سبەی شەممە ئامادەبن لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنەکە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی پارێزگای بەسڕە باشووی عێراق.
پەپێی بەیاننامەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە وێنەیەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا هاتووە "لەسەر داوای ٥٤ پەرلەمانتار بۆ گرێدانی دانیشتنێکی نائاسایی بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی پارێزگای بەسڕە، بەتەمەنترین پەرلەمانتار محەمەد عەلی زەینی کە سەرۆکایەتی کاتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات بانگهێشتی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی نائاسایی بەمەبەستی تاوتوێکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشانە و گفتوگۆکردن لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پارێزگای بەسڕە".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە بڕیارە دانیشتنەکە کاتژمێژ یەکی دوای نێوەڕۆی رۆژی شەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی و وەزیرە پەیوەندارەکان بەڕێوەبچێت.
دوێنێ پێنجشەممە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای دانیشتنی بە پەلەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد بە ئامادەبوونی عەبادی و وەزیرە پەیوەندارەکان بە خزمەتگوزاری گشتی بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی پارێزگای بەسڕە و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پارێزگایە.