Mohammad Kara Maryam
28 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2019
ئیدلب ـ AA
دوای ئەوەی شەوی پێشووتر لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە نزیک گوندی باریشا سەربە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدرا، ژمارەیەک شاھێد حاڵ، وردەکاری ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو بەکر بەغدادیی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرا دەکەن.
یەک لە شاھید حاڵەکان بەناوی خالد نەجار لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە دەوروبەری کاتژمێر ١١ی شەو بەکاتی ناوخۆ بوو کاتێک ھێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا گەیشتنە ئاسمانی ناوچەکە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان".
ئەو گوتی: "سەرەتا یەک لە ھێلیکۆپتەرەکان شوێنەکەی کردە ئامانج، دواتر ھێلیکۆپتەرێکی دیکە ژمارەیەک سەربازی دابەزاندنە سەر زەوی، چەند ھێلیکۆپتەرێکی دیکەش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕانەوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، سەربازە ئەمریکییەکان کەسێکیان لە نزیک ئەو ماڵەوە بینی کە ھێرشی کرایە سەر و داوایان لێکرد لە ناوچەکە دوور بکەوێتەوە.
بەگوتەی ئەو شاھید حاڵە، "سەرەتا لە ناوچەکەوە تەقە کرا لە ھێلیکۆپتەرەکان، دوای نیو کاتژمێر جموجوڵ لە ناوچەکە زیاتر بوو، لەو کاتەی تەقەکردن لە زەوییەوە زیاتر دەبوو، لە بەرامبەردا ھێلیکۆپتەرەکان وەڵامی تەقەکانیان دەدایەوە، ئەو دۆخەش تا کاتژمێر ٠٣:٣٠ ی بەرەبەیان درێژەی کێشا".
نەجار ئەوەشی گوت: "کاروانێک کە لە رێگایەکی نزیک ناوچەکەوە تێپەڕ دەبوون، بەھەمان شێوە کرانە ئامانج".
ئەو باسی لەوە شکرد کە ژمارەیەک تەرمی ژن و منداڵ لەبەردەم ئەو ماڵەدا کەوتبوون کە لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج، ھەروەھا ژمارەیەک برینداری سڤیل لەرێگەی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنەوە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
شاھێد حاڵێکی دیکەی رووداوەکە بەناوی ئەحمەد محەمەد بۆ ئاژانسی گوتی: "لە دەوروبەری کاتژمێر ١١ی شەو گوێمان لە دەنگی ھێلیکۆپتەر بوو لە نزیک گوندی باریشا، لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی دوو کاتژمێر تا دوو کاتژمێر و ٣٠ خولەکی خایاند، دواتر دەنگی ھێلیکۆپتەرەکان کۆتایی ھات".
ئەو گوتی: "دواتر چەند ھێلیکۆپتەرێک بۆ چاودێری ناوچەکە ھاتن، دوای پێنج خولەک گوێمان لە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەھێز بوو، سەرەتا دوو تەقینەوە و دواتریش دوو تەقینەوەی دیکە، پاشان لە ناوچەکەوە لە رێگەی تیشکەوە ئاماژە کرا بەو شوێنەی دیاری کرابوو تاوەکو بکرێتە ئامانج".
محەمەد باس لەوەش دەکات، بەھۆی بەھێزی تەقینەوەکانەوە شوشەی پەنجەرەی ماڵەکانی دەوروبەر کە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لێیەوە دوورن شکان و دەرگاکانیش کرانەوە.
ئەو باس لەوەش دەکات، کاتێک لە ماڵ ھاتنە دەرەوە و دۆخەکەیان بینی، ئەو خانووانەی کە کرابوونە ئامانج لەگەڵ زەویدا تەخت کرابوون، ھەروەھا ژمارەیەک تەرم لەسەر زەوی کەوتبوون.
شەوی رابردوو سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبوبەکر بەغدادیی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سووریا کوژراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی ئانادۆڵو بە درۆن لە ئاسمانەوە ئەو شوێنەی وێنە گرت کە تیایدا ئەمریکا سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەبو بەکر بەغدادی کوشت.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، یەکەکانی ئەمریکا بە ھێلیکۆپتەر دابەزینە شوێنەکە و دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکە کرد.
لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە سێ خانوو خاپوور کراون و خیوەتەکانی دەورووبەری خانووەکەش زیانیان بەرکەوتووە.
شوێنی رووداوەکە کە دەکەوێتە نێو ژمارەیەک دار زەیتون، بە ھۆی بۆردومانەوە ھەمووی بووەتە چاڵ.