Hemn Husain
28 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
هەولێر
لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان، ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و حزبی شیوعی کوردستان کۆبوونەوە.
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانی پێکھاتبوو لە سەعدی ئەحمەد پیرە هەرێم کەمال ئاغا و لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەوە پێشوازیان لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکە دوو لایەن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان لە بارەگاکای حزبی شیوعی رێکخست و دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە و بۆچوونی پارتەکانی خۆیان بۆ رۆژنامەوانان و رای گشتی کوردستان خستە ڕوو.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی سەعدی پیرە لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاند: "ھەموو لایەنەکان پەرۆشی چاکبوونەوەی باردۆخی ھەرێمی کوردستانن".
سەعدی پیرە گوتی: "خاڵی ھاوبەشی ھەموو لایەنەکان ئەوەیە کە چۆن بتوانین بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ئاسایی بکەینەوە و لە چوارچێوەی یاسا مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەین" ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە بەشێکین لە چارەسەر و لە داھاتووشدا کۆبوونەوەی دیکەمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێک کە لەبەژەوەندەی خەڵکی کوردستاندا بێت".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە لەسەر بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی ئایندەدا لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کۆدەبنەوە.
ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە لەھەرێم قەیرانی گەورەی ئابووری و مووچەی فەرمانبەرانمان ھەیە، لەلایەکی دیکەوە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیمان ھەیە لە باکوور و رۆژئاوا، بۆیە دەبێت حکوومەتی ھەرێم کاری جدی بکات و ھەوڵی زیاتر بدات بۆ بنبڕکردنی ئەم قەیرانانە".
ھەر لەم پرێس کۆنفڕانسەدا ئەندام و گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان بابا عەلی رایگەیاند: "بۆچوونەکانمان زۆر لەیەکەوە نزیکە و بەپێی ئەو دەرئەنجامەی کە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان پێیگەیشتووە دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەرە، یەکێتی بەجدی ھاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بارودۆخەکە بکەین".
بابا عەلی ئامادەیی حزبەکەشی دربڕی بۆ ھەر ئەرکێک کە بکەوێتە سەر شانی بۆ ئەوەی ھەرێم لەو قەیران و ناکۆکییە سیاسییانە رزگاری ببێت.
بەمەبەستی دیالۆگ و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی بۆ لای پارتەکانی سیاسی دەستپێکردووە و تا ئێستا لەگەڵ ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو ئیسلامی کۆبووەتەوە.