Dlshad Saifaalddin Ahmed
28 مای,س 2019•نوێکردنەوە: 29 مای,س 2019
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف شێخ عومەر پێش کەمێک و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندراوێکی فەرمی حزبەکەی خوێندەوە کە ئەمەش دەقی راگەیەندراوەکەیە: "وەک دەزانن لەماوەی رابوردودا دوای گفتوگۆیەکی درێژو چروپڕو چاوەڕوانییەکی زۆری خەڵک و گرتنەبەری ھەموو رێگەیەک لەپێناو گەیشتنە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ چۆنییەتی کارکردن و داڕشتنی دیدگای ھاوبەش لەبارەی پرسەکانی ناوخۆو عیراق و دەوروبەر، دوو رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزاکرد.
رێککەوتنێکیان بۆ چەسپاندنی پرەنسیپەکانی بەیەکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی گرفتە کەڵەکەبووەکانی ناوخۆو ئەوانەی پەیوەندی بەعێراق و پەیوەندییەکانی ھەرێمەوە ھەیە. رێککەوتنی دووەم لەبارەی چۆنییەتی دابەشکردنی جومگەکانی حکومڕانیی و فەراھەمکردنی جۆرێک لەھاوسەنگیی لەدەسەڵاتە جیاوازەکان. ھەموو ئەمانە لەپێناو بەشداری راستەقینەی یەکێتی نیشتیمانی کورستان و لایەنە سیاسییەکانی حوکمڕانی و بڕیاردان بون
لەو رێککەوتنانەدا لەگەڵ پارتیدا مەبەستمان بوو ھەماھەنگ بین و بەیەکەوە کاربکەین لەکوردستان بۆ پیکھینانی کابینەیەکی نوێی حکومەتی ھەرێمی بەھێزو خاوەن بەرنامەی چاکسازیی و سەقامگیر. بیروباوەری یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و ئیستحقاقی گەلەکەشمان وایدەخواست کە بەیەکەوە کاربکەین لەبەغداو بەرنامەیەکی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی گرفتە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا. ھەر لەو رێککەوتنەدا کەرکوک ـ مان کردە سەنتەر بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەکێشەو گرفتەکانی ناوچە دابڕاوەکان، مەبەستمان بوو پارێزگارێکی کورد لەیەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بەھەماھەنگی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەنجومەنی پارێزگا ھەڵبژێرین و لانیکەم رێگەبگرین لە ھەوڵی پەلاماردان و تەعریبکردنی ناوچە دابڕێنراوەکان و رێگربین لەھەوڵی جیبەجێکردنی سیاسەتی شۆڤێنیانەی ھەندێک لایەنی عیراقیی.
بە بروای ئێمە حکومەت تەنھا پێکھێنانی کابینە نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی دوانەیە ئەویش سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە. بڕیارە ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام دوای ئەو ھەموو دواکەوتنەو پشودریژییەی خەلک و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان و دوو رێککەوتنی یەک لەدوای یەک، ھەتا ئیستاھیچ ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەلایەنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نەک نابیرێن، بەڵکو ھەرجارەی گرفتیک بۆ پرسی دانانی پاریزگاری کەرکوک لە پشکی یەکیتی،(وەک رێککەوتبوین لەسەری) دروست دەکەن.
لەم سۆنگەیەوە بەرای گشتی کوردستان رادەگەیەنین،کە ئەو سیاسەتی پشتگوێ خستن و تاکرەوییە ئاکامەکانی باش نابن و ئێمە وەک یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەھەموو ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ پارتی کردمان، گرفتمان دابەشکردنی پۆست و بەرکەوتەی ھەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو پرسی بەیەکەوە کارکردن و شەراکەتی راستەقینەو خزمەتکردنی ھاوڵاتیان و پرسی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک بۆخزمەتی خەلکی ستەمدیدەو بەشەرەفی ئەو پاریزگایە لەئەولەویەتی ئەجێندای گفتوگۆی ئێمەدا بوو، دەمانویست یەیەک تیم لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەیەکەوە کاربکەین، بەڵام مەخابن ئەمڕۆ بەئێوەی رادەگەینین کە پارتی دیموکراتی کوردستان گرێ و گرفتی جددی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی لەگەڵ یەکێتیدا دروستکردووەو پابەند نییە پێیانەوە، بۆیە فراکسێۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکا..
ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش بەبێ دەنگی فراکسێۆنی یەکێتی، پرسی بڕیاردان وشەرعییەت لەھەرێمی کوردستان دا دەخاتە بەردەم بارودۆخێکی نوێوە، ھەروەک پرسی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەخاتە بەردەم ئەگەروپیشھاتی تازە، دەرنجام و لێکەوتەکانی ئەو سیاسەتە ناواقعییانە ھەرچییەک بێت لەئەستۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا نییە وئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "یەک هەنگاوی بچووکمان لە برایانی پارتی نەدیوە و یەک نیەتی باشمان بە ئاراستەی جێبەجێکردنی یەک بەند لەو بەندانەی ھەردوو رێککەوتنەکە نەدیوە، دەبوو پارێزگاری کەرکووک وەک رێککەوتنی لەسەر کراوە ھەنگاوی بۆ بندرایە و نیەتی باشمان لە پارتی ببینیایە و ئەو ھەموو لێدوانە نابەرپرسانەمان گوێ لێنەبوایە لەو بارەیەوە، ئەگەر ئێمە ھەڵوێستێکی باش و نیەتێکی باشمان لە پارتی ببینیایە بە ئاراستەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوانمان ئەوا ئەم ھەڵوێستەی ئەمڕۆمان نەدەبوو".
لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانی ھەڵوێستی پارتی دەکەن تاوەکو بزانن چ ھەڵوێستێکیان لە بەرامبەر ئەم ھەڵوێستەی حزبەکەی دەبێت، ھەر حکوومەتێکی کاریگەریش ئەگەر دروست ببێت ئەوا دەبێت یەکێتی بەشێک بێت لەو حکوومەتە.
ئەو ھەروەھا گوتی: "تاکڕەوی لە ھەرێمی کوردستان سەر ناگرێت و نابێت سەر بگرێت و نابێت رێگەشی پێبدرێت، ئەم ھەڵوێستەشمان بەردەوامی دەبێت".
گوتەبێژەکەی یەکێتی ئەوەشی گوت، حزبەکەی قوربانی زۆری داوە لەسەر نەھێشتنی دوو ئیدارەیی و جارێکی تر لەگەڵ دروستکردنەوەی دوو ئیدارەیی نییە، یەکێتی بەرچاوی روونە چ ھەڵوێستێک وەردەگرێت و بەشداری نەکردنی ئەمڕۆشیان لە کۆبوونەوەی پەرلەمان زەنگێکی گەورەیە بەرامبەر تاکڕەوی و خۆسەپاندن و بەوەفا نەبوون بەرامبەر رێککەوتنەکە.
ئەم ھەڵوێستەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کاتێکدایە ، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو.