Dlshad Saifaalddin Ahmed
18 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان، كاوە مەحمود لە بارەی پرسی ریفراندۆم و بەدیلەكانی ریفراندۆمەوە رایگەیاند "بەدیلەكەی ئەمریكا بۆ ریفراندۆم جێگای گفتوگۆیە لە لایەن لایەنە سیاسییەكانەوە، چونكە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری لایەنێكی سیاسی نییە و بڕیاری ئەو لایەنانەیە كە لە 7/6 كۆبوونەوە و كۆك بوون لەسەر ئەوەی لە 25/9 دا ریفراندۆم بەڕێوەبچێت، پێم وانییە ئەو بەدیلانەی دێنە پێشەوە ناكۆك بێت لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم یان ئەنجامدانی ریفراندۆم ناكۆك بێت لەسەر ئەو بەدیلانە".
كاوە مەحمەد لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "وەك حزبی شیوعی كوردستان پێمان وانییە كە ریفراندۆم مانای كۆتایی مێژووە، یان حاڵەتێك دروست دەكات رۆژ لە رۆژئاواوە هەڵدێت، بە پێچەوانەوە ژیان بەردەوام دەبێت و ریفراندۆم كارێكی زۆر ئاسایی دەبێت و ئەو پرسە بەشێكە لە تێكۆشانی گەلەكەمان و مافی خۆیەتی. لە هەمان كاتدا مانای ئەوە نییە گفتوگۆ لەگەڵ بەرامبەردا یان هەر پڕۆژەیەك بێتە پێشەوە قابیلی گفتوگۆ لەسەركردن نییە، بە پێچەوانەوە دوای ریفراندۆمیش قابیلی گفتوگۆكردنە، پێویستە بەو شێوەیە سەیری ریفراندۆم بكەین، نەوەك بەو شێوەیە سەیری ریفراندۆم بكەین كە دابڕانێكە لە مێژوودا".
سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ئەوەشی گوت "پێشتریش ئەوەمان گوتووە كە هەر بەدیلێك وڵاتانی جیهان لە ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپی دایبنێن ئەوا بەدیلێكی فەرزكراو نییە لەسەر حكوومەتی عێراق، ئێمە داوای سەربەخۆیی لە ئەمریكا و ئەورووپا ناكەین، بەڵكو باسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەرامبەرێك دەكەین كە بەغدایە و ئەو دەوڵەتەی كە هەیە عێراقە، بۆیە دەبێت ئەم بابەتە و هەرشتێكی تر لە بارەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەركات بێت و هەر رێكکەوتنێك بێت، ئەوا دەبێت ئەو رێكکەوتنە لەگەڵ عێراق بێت و حكوکمەت و پەرلەمانی عێراق دان بەو رێكکەوتنە بنێن و نەتەوەیەكگرتووەكانیش شاهید بێت لەسەر رێكکەوتنەكە و گرەنتی رێكکەوتنەكە بكەن".
ئەو هەروەها گوتی: "لە مێژووی عێراقدا چەندین رێكکەوتن لە نێوان هەردوولا ئیمزا كراوە و دواتر بەغدا پابەند نەبووە پێیانەوە، بۆیە هەر رێكکەوتنێكی نوێ پێویستە گرەنتی هەبێت و عێراق دانی پێدا بنێت، ئەگەر رێكکەوتنەكەش مافەكانی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دابین نەكات، ئەوكات گەلی كوردستان ئەوە لە سەركردایەتییە سیاسییەكەی قبووڵ ناكات كە ئەو جۆرە رێكکەوتنانە قبووڵ بكات".
لە بارەی زیادبوونی گوشارە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵوێستی حزبەكەی لەو بارەیەوە، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان لە وەڵامدا گوتی: "پێمان وایە تا ساتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە فشارەكان بەردەوامیان دەبێت، لەم حاڵەتی فشارانەش ناوەندێك دروست دەبێت كە ئەو ناوەندە دوودڵە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بابەتە.
ئێمە وەك حزبی شیوعی دوودڵ نین لەسەر ئەو بابەتە و بەرچاومان روونە لەسەر ئەوەی كە ریفراندۆم كارێكی شۆڕشگێڕانەیە و سەركێشی شۆڕشگێڕانە نییە، ئەو كارەش مانای ئەوە نییە كە مەترسی نییە، بەڵام مەترسی كارێكی شۆڕشگێڕانە جیایە لە مەترسییەكانی تر و بەو شێوەیە نییە كە بە لۆجیكی پڕۆژەیەكی ئابووری مامەڵەی لەگەڵ بكەین، ئەوەی هەیە كارێكی تێكۆشانە، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە بەرامبەرەكەت بە ئاسانی ئەوە قبووڵ دەكات، پێویستە هەنگاوێكی زۆرمان لەبەردەمدا بێت و خۆمان كارا بكەین بۆ تێكۆشان".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا، برێت مەكگۆرك لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان كۆبیچ ، باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیا لە عێراق، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، مەسعود بارزانی لە شاری دهۆك كۆبوونەوە و بەدیلێكیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە رۆژی 25ی ئەم مانگە، پێشكەشی بارزانی كرد.