Hemin Hüseyin
18 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی خستەڕوو بۆ ھەردوو پرۆسەی ریفراندۆم و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان، شێروان زرار ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە زیاتر لەسەدا ٩٠ی ئامادەکارییەکان بۆ ریفراندۆم تەواو بووە و لە ھەوڵی ئەوەدان بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمیش لە وادەی دیاریکراوی خۆی ئەنجام بدرێت.
شێروان زرار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەنجامدانی ریفراندۆم زیاتر لەسەدا ٩٠ ئامادەکارییەکانی بۆ کراوە و کەلوپەلی لۆجستی ئامادەکراوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش کۆمسیۆن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ ھەماھەنگی کردووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی پێویست بنکەی دەنگدان بکرێتەوە، بۆ یەکەمجاریشە دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتی لەیەک رۆژدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان لەیەک رۆژ تەواو بێت".
شێروان زرار گوتیشی: "تۆماری دەنگدەران کاری زۆری لەسەر کراوە بۆ ئەوەی داتابەیسێک دروست بکرێت بۆ جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدانی تایبەت و گشتی. لە ھەمانکاتیشدا سەرقاڵی دەرھێنانی ناوی مردووانین کە بە گوێرەی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی ٦٥ ھەزار ناوی مردووان ھەیە کە لە تۆماری ناوی دەنگدەران دەربھێنرێت".
گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "کۆمسیۆن لە ھەوڵ و کارکردنی بەردەوامە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمیش لە وادەی دیاریی کراودا بەڕێوەبچن، چونکە ئێمە لەبەردەم دوو پرۆسەی گرنگداین یەکەمیان ریفراندۆم دووەمیان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان".
شێروان زرار ئاماژەی بە ژمارەی قەوارە سیاسییە تۆمارکراوەکان کرد و گوتی: "تا ئێستا ١١ قەوارەی سیاسی خۆیان بۆ ریفراندۆم تۆمار کردووە و، بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ٢٢ قەوارەی سیاسی خۆیان تۆمار کردووە، لەسەرداوای قەوارە سیاسییەکان ماوەی تۆمارکردنی قەوارە سیاسیەکان تا بەرواری ٢٨/٩ درێژکرایەوە، دوو رۆژ دیاری کراوە بۆ ھاوپەیمانییەتییەکان لە دوای ٢٨/٩، دوای ئەو ماوەیەش دەست دەکرێت بە وەرگرتنی کاندیدانی قەوارە سیاسیەکان".
سەبارەت بە کوردانی دەرەوەی وڵاتیش، شێروان زرار گوتی: "هاووڵاتییانی دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە رێگای رەگەزنامەی عێراقییەوە دەنگ بدەن و پێویستیان بە پسوولەی خۆراک نییە، بە مەرجێک ئەو کەسە ناوی لە داتەبەیسی رەگەزنامەی هەرێم تۆمار کرابێت".